١٢ پەرلەمانتارەکە: پێکەوە بڕیارماندا بە کشانەوە لە پەرلەمان

06-11-2022 12:32

پەرەگراف

حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵ و چواری نارازییەکانی گۆڕان و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ پێکەوە پێکەوە ڕایانگەیاند، بڕیاریاندا بە کشانەوە لە پەرلەمان، ئەوەش وەک ناڕەزاییەک لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارانە داوای دروستکردنی بەرەیەک دەکەن لە خەڵک و لایەنە ناڕازییەکان دژی دەسەڵات.

عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی هاوبەشی ١٢ پەرلەمانتارەکەی خوێندەوەو وتی، کۆی دامەزراوە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە هەرێم شەرعیەتیان لەدەستداوە.

"پێکەوە بڕیارماندا بە کشانەوەو بایکۆتی پەرلەمان و نەبوونە بەشێک لەو کارە نایاساییانەی دەسەڵات دەیکات، لێرەشەوە دەمانەوێت بە هەموانی ڕابگەیەنین لە ئێستاوە لەهەر مەیدانێک بین پێکەوەو بە هاوبەشی بریار دەدەین و بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان تا لە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت" عەبدولستار مەجید وای وت.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ وتیشی "بەردەوامیش دەبین لە ڕوبەڕوبوونەوەی زوڵم و نادادپەروەری و گەندەڵی و دەستی دۆستایەتی درێژدەکەین بۆ هەر کەس و لایەنێک خۆی بە ناڕازیی لەم دۆخە دەزانێت و دەیانەوێت پێکەوە بەرەکی بەهێز دروست بکەین دژی ستەمکاری و گەندەڵی و قۆرخکاری و بنپێخستنی یاسا".

"ئاڕاستەی گوتاری سیاسی و کاری ئێستاو داهاتوومان دژی ئەم دەسەڵاتە دەبێت و هەرگیز ناچینە مەیدانێک کە پیلانی دەسەڵاتەو ئامانج لێی لەگەڵ خەڵکێکی دیکە بەگژیەکداکردنی خەڵکانی چاکەخوازو ناڕازییە" عەبدولستار مەجید وای وت.

ئەو پەرلەمانتارانە هیچیان ئامادە نەبوون وەڵامی پرساری ڕۆژنامەنووسان بدەنەوە، هاوکات هیچ ئاماژەیەکیان بە چارەنووسی مووچەکانیان نەکرد.