خۆپیشاندانەكانی ئێران 50 ڕۆژی تێپەڕاند؛ ڕێكخراوەكان ئاماری نوێ‌ بڵاو دەكەنەوە

05-11-2022 10:27

پەرەگراف

خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران 50 ڕۆژی تێپەڕاند. بەپێی ئاماری ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران، 60 كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و 304 كەس لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە.

ئەمشەو لە شارەكانی سنە، مەریوان، سەقز و بۆكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان دەستی پێ‌ كردووەتەوە و پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی ئێران دروست بووە. ئەمڕۆیش لە ژمارەیەك زانكۆی شارەكانی ئێران لەوانە تارانی پایتەخت و مەشهەد، بایكۆت و خۆپیشاندان بەردەوام بوو.

دواین كەس كە گیانی لەدەست داوە، كچەخوێندكارێكی خەڵكی ‎مەریوانە، كە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لە تاران كەوتبووە بەر هێرشی هێزە حكومەتییەكان و بەهۆی لێدانی باتۆم (داری كارەبایی) لەسەری بێهۆش بووە، دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا".

هەنگاو كە بەردەوام زانیارییەكانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو دەكاتەوە، لە دوایین ڕاپۆرتیدا كە ئەمڕۆ بڵاوی كردەوە، دەڵێت "لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە ڕۆژی 17-9-2022 تا 5-11-2022، 60 هاووڵاتیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەست داوە، كە 11 منداڵ و شەش ژنیان لەناودایە".

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە، "زیاتر لە چوار هەزار كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كراون، كە ناسنامەی 922 كەسیان پشتڕاست كراوەتەوە، لەناویاندا 128 ژن، 74 منداڵ، 35 خوێندكاری زانكۆ و 23 مامۆستا هەن".

خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "38" شار و شارۆچكە و 10 زانكۆی گرتووەتەوە، تێدا "15" ئەندامی هێزەكانی سەر بە حكومەتی ئێران كوژراون.

هەر ئەمڕۆ ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە بڵاو كردەوە و گیانلەدەستدانی "بەلای كەمەوە 304 كەس"ی لە 50 ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیاند.

ڕێكخراوەكە دەڵێت "41 منداڵ، 24 ژن" لەنێو ئەو كەسانەدان كە گیانیان لەدەست داوە. لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ‌ هەینیی شارۆچكەی خاش لە پارێزگای سیستان و بلوچستان "بەلای كەمەوە 14 كەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران گیانیان لەدەست داوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات تا "پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی خەڵكی ئێران بكات". هەروەها هەنگاوی جیددی بنێت بۆ بەرگرتن بە توندووتیژییەكانی حكومەتی ئێران دژی خۆپیشاندەران.