پەرەگراف
حەوت پەرلەمانتاری کۆمەڵ و چواری نارازییەکانی گۆڕان و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ سبەینێ پێکەوە ھەڵوێستی ھاوبەش ڕادەگەیەنن لەبارەی کشانەوە یاخود مانەوە لە پەرلەمانی کوردستان.
سبەینێ ٦-١١ کۆتا ڕۆژی تەمەنی بەرلە درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەو ھەریەکە لە نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی بڕیاری کشانەوەیانداوە.
ئەو ١٢ پەرلەمانتارەی دیکەش کە سبەینێ ھەڵوێستیان ئاشکرا دەکەن، ھاوشێوەی ئەوانەی بڕیاری کشانەوەیانداوە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بوون کە بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکھاتەکان بۆ ماوەی ساڵێك درێژکرایەوە.
پەرەگراف زانیاریی جیاوازی لەبەردەستدایە لەبارەی ھەڵوێستی ١٢ پەرلەمانتارەکە، سەرچاوەیەک دەڵێت "بڕیاریانداوە لە پەرلەمان بکشێنەوە".
بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە دەڵێت "بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن و ئەگەر دانیشتنێکی پەرلەمان بە گرنگ بزانن بەشداریی دەکەن بۆپیشاندانی ھەڵوێستی خۆیان"، پەرەگراف ئەم زانیارییەی ڕوبەڕوی یەکێک لەو پەرلەمانتارانە کردەوە لە وەڵامدا وتی "نە دەڵێم وایە نە دەڵێم وانییە"، وتیشی "ھەڵوێستەکەمان تەواوکەری ھەڵوێستەکانی پێشوومان دەبێت".
بەپێی سەرچاوەکانی پەرەگراف، "بڕیارە ئەو ١٢ پەرلەمانتارە لە ھەموو حاڵەتێکدا وەرگرتنی مووچە ڕەتبکەنەوە".
پەرەگراف پەیوەندیی بە دووانی دیکە لەو پەرلەمانتارانەوە کردو ئەو زانیارییانەی ڕوبەڕو کردنەوە، بەڵام ڕەتیانکردەوە قسە بکەن و تەنھا وتیان سبەینێ ھەڵوێستیان ئاشکرا دەکەن.