بە تەزکیەی بارزانی و بەبێ ھەڵبژاردن ژمارەیەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیاریکران
پەرەگراف
لە دووەم ڕۆژی کۆنگری پارتیدا، لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆکی حیزبەکە ١٣ کەس بەبێ دەنگدان سەرکەوتن بۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کە جێی سەرکردایەتی پێشوو دەگرێتەوە، بەڵام دوانیان بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە کشاونەتەوە.
ئەوکەسانە زۆرینەیان ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی پارتی بوون، بەپێی کەناڵی ڕووداو، بارزانی داوایکردوە سەربخرێن بۆ کۆمیتەی ناوەندی و وتویەتی "پێویستم پێیانە"، لەسەر داواکەی بارزانی ئەو کەسانە بەبێ کێبڕکێ سەرکەوتن.
١٣ کەسەکە بریتین لە؛ فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، فوئاد حسێن، مەحمود محەمەد، عەبدولموهەیمن بارزانی، عیزەدین بەرواری، كەریم شەنگالی، عارف تەیفور، رێبوار یەڵدا، كەمال كەركوكی، زەعیم عەلی، سەڵاح دەلۆ، ھەریەکە لە کەریم شنگالی و سەلاح دەلۆ کشاونەتەوە بەھۆی دۆخی تەندروستییان و داوای لێبوردنیان کردووە.
بەدەر لەو ١٣ کەسە، ئەندامانی دیکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کە بڕیارە ٥١ کەس بن، بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە ھەڵدەبژێردرێن و بڕیارە ئەمشەو دوای تەواوبوونی سەرجەم کارەکان، کۆنگرەی ١٤ی پارتی کۆتایی بێت.
دوێنێ لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی پارتیدا، مەسعود بارزانی بەبێ دەنگدان بە سەرۆکی ئەو حیزبە دانرایەوەو پاشان خۆی داوای لە ئەندامانی کۆنگرە کرد کە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری سەرۆک پەسەند بکەن و بە چەپڵەلێدان وەڵامی داواکەی درایەوەو پەسەند کرا.
دواتر نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش کردو لە کۆتایی وتارەکەیدا ھەمان داوای بۆ مەسرور بارزانی کردو داوای لە ئامادەبووانی کۆنگرە کرد بە جێگری دووھەمی سەرۆک ھەڵیبژێرن و داواکەی ئەویش بە چەپڵەلێدان پەسەند کرا.
بەوەش لە کۆنگرەی چواردەی پارتیدا کە دوای 12 ساڵ بەسترا بۆ یەکەم جار جێگرانی سەرۆک کران بە دوو جێگر.
کۆنگرەکەی پارتی داخراوە بە ڕووی میدیاکاندا و تەنھا میدیای ئەو حیزبە ڕووماڵی دەکات و زانیارییەکان دەگوازێتەوە.