لاهوور شێخ جەنگی: یەكێتی بەرهەم ساڵحی لەدەست دا، بەرهەم ساڵحیش دەمێكە منی لەدەست داوە
پەرەگراف
لاهوور شێخ جەنگی لە گفتوگۆ لەگەڵ میدیایەکی ئەمریكی جەخت لەوە دەكاتەوە كە "بە دڵنیایی پلانی خۆم بۆ داهاتوو" هەیە. سەبارەت بە شكستی بەرهەم ساڵحیش لە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆككۆمار دەڵێت "یەكێتی بەرهەم ساڵحی لەدەست دا، بەرهەم ساڵحیش دەمێكە منی لەدەست داوە".
لاهوور شێخ جەنگی لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی، باسی لە كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی كردووە و بە "كێشەی كۆن" ناوی بردوون و دەڵێت "پێشتر دەیانوت هەموو كێشەكان خەتای لاهوور شێخ جەنگییە و ئەو هۆكارە، بەڵام ئێستا دەركەوت كێشەكان لە لاهور گەورەترن".
لاهوور شێخ جەنگی "تیمێكی یەكێتی كە نزیكن لە پارتی" بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەموو ڕێگایەكیان لە دژی ئەو گرتووەتە بەر كە ویستوویەتی "كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بە یەكجاری" چارەسەر بكات و دەڵێت "ئەو تیمە بە سەرۆكایەتی كاك قوباد، بەردەوام كێشەكانیان دەخستە ئەستۆی یەكێتی و پشتگیریی پارتییان دەكرد".
لاهوور شێخ جەنگی باسی ئەوەی كردووە كە "ئێستا خۆی (قوباد تاڵەبانی) لە هەمووان ناڕازیترە" و دەڵێت "كە ئازارەكە گەیشتە خۆی و كاك بافڵی برای، ئێستا تێدەگات و قسە دەكات".
سەبارەت بە پەرەسەندنی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەم كاتەدا، لاهوور شێخ جەنگی پێی وایە "بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی كەیسی تیرۆكرنی هاوكار جاف لە هەولێر، یەكێتیی نیگەران كرد، چونكە لە دانپێدانانەكان وا دەركەوتووە ئەوانەی لەو دۆسیەی تیرۆرە تێوەگلان، بەرپرسی باڵای دژەتیرۆر بوون".
"هاوکار كەسێك بوو كە ماوەی بیست ساڵ كاری بۆ من دەكرد"، لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت، باسلەووش دەکات دەکات ئەوە یەکەم ڕووداو نییەو ئاماژە بە دۆسیەی کوژرانی موراد کانی کوردەیی و پاسەوانەکانی دەکات کە زۆر نزیکبوون لە ئەوەوەو لە ڕانیە "تیرۆر کرا" بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت.
هەروەها پێی وایە كێشەیەكی دیكەی مەسروور بارزانی لەگەڵ یەكێتی و جێگرەكەی لە حكومەت، ئەوەیە كە "داهات و پارەی سلێمانی دیار نامێنێت و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، ئەویش بەو هۆكارە ئامادە نییە پارە بنێرێتە سلێمانی و داهاتیش نەگەڕێتەوە".
سەبارەت بە شكستەكەی بەرهەم ساڵحیش لە دووبارە بوونەوەی بە سەرۆككۆمار، لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت "دەتوانم بڵێم یەكێتی بەرهەم ساڵحی لەدەست دا". هاوكات دەڵێت "بەرهەم ساڵحیش دەمێكە منی لەدەست داوە، چونكە بێدەنگ بوو لەو هەموو ڕووداوانەی ساڵی ڕابردوو لەناو یەكیتی ڕوویان دا، تەنانەت پشتگیریی بافڵ تاڵەبانیی كرد، لە كاتێكدا من تاكە كەس بووم پشتگیریم كرد بۆ بوون بە سەرۆككۆمار لە ساڵی ۲٠۱۸، كاتێك نیوەی یەكێتی، پارتی، ئەمریكا و قاسم سلێمانی دژی بوون".
لاھور شێخ جەنگی باسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاسم سلێمانی دەکات و دەڵێت، تەنھا چوار جار چاوی پێی کەوتووەو لە سێ جاریاندا ناکۆکیی دروستبووە لە نێوانیان، چوارەم دیداریان تەنها چەند هەفتەیەک پێش کوژرانی بووەو لە ماڵی بەرهەم ساڵح لە بەغدا کۆبوونەتەوە بە ئەمادەبوونی بافڵ تاڵەبانی و ئاراس شێخ جەنگی و ئەبومەھدی موھەندیس.
لاھور شێخ جەنگی دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا چەند نمونەیەکی بۆ قاسم سلێمانی ھێناوەتەوە کە چۆن دژی یەکێتی بووەو ئەو بەڵێنانەیداویەتی بە حیزبەکەی جێبەجێی نەکردووە، وەک بەڵێنی پێدانی پارێزگاری کەرکوک لە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧و ڕێگریی لەوەرگرتنی پۆست لە حکومەتی عێراق لەلایەن یەکێتییەوە لە ٢٠١٨ دا.
"نموونەی زیاترم بۆ هێنایەوە کە دژی یەکێتی وەستاوەتەوە. وتم کاتێک کاک بەرهەم ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆککۆماریدا هەوڵتداڕێگری بکەیت. کاک بەرهەم بە شۆخییەوە وتی، وتی نا نا کاک قاسم سلێمانی پشتیوان بوو. قاسم سلێمانی لە وەڵامدا وتی نەخێر ئەوڕاست دەکات دژی تۆ بووم. پاشان سلێمانی ھەستاو سێ جار داوای لێبوردنی لێکردم".
لاھوشێخ جەنگی دەشڵێت، ئەو هەرگیز پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ قاسم سلێمانی نەبووە "ئەو پاڵپشتی دەکرد بۆ ئەوەی دکتۆر بەرهەم ببێتەسکرتێری گشتی یەکێتی و بافڵ ببێتە جێگر، من تەنانەت لە لیستەکەشیدا نەبووم، ئەوەش منی تووڕە کرد کە بۆ ئەو مافی ئەوەی هەبێت وبڕیار بدات کێ دەبێتە سکرتێری گشتی یەکێتی و کێ دەبێتە جێگر، لە کاتێکدا من هەموو کارەکانم دەکرد".