پەرەگراف
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی 'ئازادکردنی ئێران' دەدات و دەڵێت، خۆپیشاندەرانی ئێران سەرکەوتوو دەبن لە ئازادکردنی وڵاتەکەیان.
بایدن لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە کالیفۆرنیا وتی "خەمتان نەبێت ئێران ئازاد دەکەین. ئەوان خۆیان ئازاد دەکەن بەمزووانە"، ئەو وتەیە لەکاتێکدابوو ژمارەیەک کەس دروشمێکیان بە ڕووی بایدندا بەرزکردبووەوە کە داوای ئازادکردنی ئێرانیان دەکرد، بەپێی ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز.
وتەکانی بایدن لەکاتێکدایە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران بەردەوامەو لە ھەفتەی حەوتەمدایە، خۆپیشاندانەکان لەدوای مەرگی گوماناویی ژینا ئەمینی لە کاتی مانەوەی دەستبەسەریی پۆلیسی ئەخلاقدا، ھەڵگیرسان.
ھێزەکانی ئێران بە تووندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوەو سەدان کوژراو و بریندار ھەن، بەڵام توندوتیژی و کوشتن نەیتوانیوە کۆتایی بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بھێنێت.
ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران و مافەکانیان دەربڕیوە.