پەرەگراف
مەسعود بارزانی دوای ھەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووانی کۆنگرەی پارتی وتی، ئەو لەو کەسانە نییە حەز بکات تا مردن سەرۆک بێت و دەیەوێت بەرلە مردن ماڵئاوایی بکات.
سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، ھیواخوازبوو کە دۆخی کوردستان و ناوچەکە بە جۆرێک بوایە لەم کۆنگرەیەدا وازی لە سەرۆکایەتی حیزبەکە بھێنایە، ھیوای خواست لە کۆنگرەی داھاتوو یاخود زووتریش ئەوەبکات.
بارزانی وتیشی "سەرەخۆشی لەوانە دەکەم کە خۆیان ئامادە کردبوو فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن".
مەسعود بارزانی داوای لە ئەندامانی کۆنگرە کرد کە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری سەرۆک پەسەند بکەن و بە چەپڵەلێدان وەڵامی داواکەی درایەوەو پەسەند کرا.
پاشان نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش کردو لە کۆتایی وتارەکەیدا ھەمان داوای بۆ مەسرور بارزانی کردو داوای لە ئامادەبووانی کۆنگرە کرد بە جێگری دووھەمی سەرۆک ھەڵیبژێرن و داواکەی ئەویش بە چەپڵەلێدان پەسەند کرا.
بەوەش لە کۆنگرەی چواردەی پارتیدا کە ئەمڕۆ دوای 12 ساڵ لە دهۆک بەسترا بۆ یەکەم جار جێگرانی سەرۆک کران بە دوو جێگر.
بەپێی میدیای پارتی، مەسعود بارزانی لیستێکی ئامادە کردووە کە لە ١٣٠ ئەندامی کۆنگرە پێکدێن و داوا لە ئەندامانی کۆنگرە دەکات لەناو ئەو لیستەدا ئەندامانی سەرکردایەتی ھەڵبژێرن.
لیستەکەی بارزانی ئەندامانی سەرکردایەتی ئێستای پارتی و خەڵکی نوێیشی تێدایەو لەدەرەوەی ئەو لیستەش دەرگای خۆپاڵاوتن کراوەیەو چەند کەسێکی دیکە خۆیان کاندید کردووە بۆ سەرکردایەتی.
کۆنگرەکەی پارتی داخراوە بە ڕووی میدیاکاندا و تەنھا میدیای ئەو حیزبە ڕووماڵی دەکات و زانیارییەکان دەگوازێتەوە.