بافڵ تاڵەبانی بۆ پارتی: قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی دەبێت
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامی پارتیدا ڕایگەیاند، شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای من هێڵی سوورن.
"قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی ئەبێت!" سەرۆکی یەکێتی لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک وادەڵێت.
بافڵ تاڵەبانی لە نووسینەکەیدا ھاشتاگی ( #MolonLabe )ی بەکارھێناوە کە دەستەواژەیەکی کۆنی یۆنانییەکانەو لە کوردیدا ماناکەی نزیکە لە "ئەگەر ئازان وەرنە مەیدان".
دوای ئەوەی جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سهرۆكی ههرێم، له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ كهناڵی كوردسات باسی خراپیی دۆخی ھەرێم ونێوانی پارتی و یەکێتی کردو ڕەخنەی تووندی لە پارتی گرت، مەکتەبی سیاسی پارتی وەڵامیدایەوەو دواتریش مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەڵامی پارتی دایەوە.
مەکتەبی سیاسی پارتی لە وەڵامی قسەو ڕەخنەکانی شێخ جهعفهردا وتی "بۆ خۆشیرینكردنەوەو خۆدەرهێنانی لەوپەراوێزخستنەی تووشی بووە قسهی كردووه".
پارتی یەکێتیشی تۆمەتبارکرد بە دواخستنی ھەڵبژاردن و وتی "لەترسی دۆڕاندنی بووە".
پاشان مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە وەڵامدا، قسەكانی شێخ جەعفەری بە "ڕاست و ڕەوا" ناو بردو وتی "پارتی دەمێكە بەهای دیموكراسیی لە هەڵبژاردنەكان دۆڕاندووە و ئەوە تەنها تەزویر و چاوسووركردنەوەیە ئەوانی لە گۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوكمڕانیدا هێشتۆتەوە".
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەربارەی تۆمەتباركردنی یەكێتی بە "دواخستنی هەڵبژاردن"، وتی "ڕاستییەكەی ئەوەیە كە پارتی دەیویست بەویاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پڕ خەوشەی دەنگدەران، بەبێ هەمواركردنەوەیەكی گونجاو، بچینە ناو پرۆسەیەكی شێواوی هەڵبژاردنەوە، كە تەنها و تەنها لە بەرژەوەندیی پارتی و تەزویرە ئاشكرا و چەندبارەبووەكانیدایە".