پارتی بۆ لایەنەکان: نیگەرانییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە دۆسیەی هاوکار جافەوە هەیە

29-10-2022 06:47

پەرەگراف

شاندێک لە تیمی وەزاریی پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات و ئەو نیگەرانییانەیان بۆ ڕووندەکاتەوە کە یەکێتی هەیەتی بەهۆیەوە قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە وەزیرەکانیان بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد.

شاندەکەی پارتی بەسەرۆکایەتی پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف، ئەمڕۆ سەردانی هەردوو حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد و بڕیارە سبەینێ سەردانی گۆڕان و یەکگرتوو بکەن.

میدیای پارتی بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەکاندا شاندی پارتی ئەوەی خستووەتەڕوو، نیگەرانییەکانی یەکێتی "لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە تیرۆرکردنی (ھاوکار جاف) ئاشکراکراوە، کە ئەمەش قابیلی قبوڵ نییە لە پایتەختی ھەرێمی كوردستان، ئەم جۆرە کارانە ئەنجامبدرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار نەکردووە بەڵکو ته‌نها داوای رادەستکردنی تۆمەتباران دەکات".

شاندی پارتی ئەوەشیان باس کردووە، ئەنجوومەنی وەزیران بەوپەڕی شەفافییه‌ت زیاتر لە 80 کۆبوونەوەی لەم کابینەیەدا ئەنجامداوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆدەنگی بووە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش  لەناو حکومەت و لەدەرەوەی حکومەتیشدا شەریک و خاوەن بڕیار بووە.

له‌باره‌ی دۆسییه‌ی داھاتی سلێمانی و مووچە، شاندی پارتی ئاماژەیان بەوەکردووە، "سەرۆک وەزیران بەیەك چاو تەماشای ھەموو پارێزگاکان دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە، ھەرچی داھات ھەبێت پێویستە لەژێر چەتری حکومەتدا بێت و بێتەوە گەنجینەی حکومەت، ناکرێت لەھەندێك شوێن داھات و خەرجی حکومەت دیار نەبێت".

شاندەکەی پارتی دووپاتیانكردووه‌ته‌وه‌، لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیكه‌، سوورن لەسەر چارەسەری ھەموو گرفتێك لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی وەزیران له‌سه‌ر بنه‌مای سەروەری یاسا، پێکەوەیی و تەبایی بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان.

ئەوسەردانانەی شاندی پارتی لەکاتێکدایە، ٢٦ی ئەم مانگە لە پێشهاتێکی نوێدا قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمی یەکێتی لە حکومەت، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی.

ھەر هەمان ڕۆژ شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانێکی بۆلای حیزبەکان دەستپێکردو لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبووەوە تا نیگەرانییەکانیان لە پارتی بگەیەننە هەموو لایەک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکانی یەکێتی بە پەرەگرافی وت "یەکێتی سکاڵای حاڵی خۆی لای حیزبەکان دەکات و باسی کێشەکانی لەگەڵ پارتی و دەستتێوەردانی پارتی لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ حیزبەکان دەکات".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی حیزبەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو دۆخە لە پارتی قبوڵناکات و ھەڵوێستی دەبێت تا ئاستی کشانەوە لە حکومەت".

لەبارەی ھەڵوێستی ڕاو حیزبەکان لەسەر ئەو سەردانانەی یەکێتی، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "حیزبەکان دەزانن یەکێتی دەیەوێت بەکاریان بھێنێت وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی، دەزانن ھەرکات یەکێتی لەگەڵ پارتی تێکبچێت پەنا بۆ حیزبەکان دەبات و کە لەگەڵ پارتیش ڕێکبێت حیزبەکانی دیکەی لەبیر نییە".

پەرەگراف پێشتر ئاشکرای کرد نیگەرانییەکانی یەکێتی پەیوەندی بە چەند پرسێکەوە هەیە، لەوانەش دۆسیە هاوکار جاف و مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەژی ئەمین.