کێشەی کوڕەکەی حەمەسوور دوشیوانی کە لە سلێمانی گەنجێکی کوشت بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر کرا

25-10-2022 09:14
مەراسیمی ڕاگەیاندنی لێخۆشبوون لە کوڕەکەی حەمەسوور دوشیوانی، ٢٥-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ پەیجی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی

پەرەگراف

محەمەد عوسمان ناسراو بە حەمەسوور دوشیوانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە کوڕەکەی کارمەندێکی پاسەوانی دەروازە سیتی لە سلێمانی کوشت، ئەمڕۆ بە سوڵحی عەشایەری کێشەکەی چارەسەر کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە بە پەرەگرافی وت "ھەر لە دوای ڕووداوەکەوە چەند بەرپرسێکی یەکێتی لەسەرخەت بوون بۆ چارەسەری کێشەکە بە سوڵح و لێخۆشبوون، ئەمڕۆ ئەنجامەکە بەدەستھات و لە مەراسیمێکدا لە ناحیەی تەکیەی چەمچەماڵ بنەماڵەی کوڕە کوژراوەکە لەکوڕەکەی حەمەسوور دوشیوانی خۆش بوون".

ئەو سەرچاوەیە ئامادەنەبوو زانیاریی لەسەر وردەکاریی سوڵحە عەشایەرییەکە بدات، تەنھا وتی "کوڕەکەی ساڵێکە لە زیندانەو سوڵحی عەشایەری بە چارەسەرێکی باشتر زانرا تا یاسا".

مەراسیمی ڕاگەیاندنی چارەسەری کێشەکە بە سوڵح و ئاشتەوایی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی و حکومەت بەڕێوەچوو.

شەوی ١٣-١٠-٢٠٢١، کوڕێکی حەمەسوور دوشیوانی کارمەندێکی پاسەوانی پڕۆژەی دەروازە سیتی لە سلێمانی بە فیشەک کوشت.

ئەوکات پەرەگراف بڵاویکردەوە، لەكاتی چوونە ژوورەوەی کوڕەکەی حەمەسوور دوشیوانی بە ئۆتۆمبێل بۆناو پڕۆژەکە "لەگەڵ پاسەوانەكە بووە بە دەمەبۆڵەیان، دواتر گەڕاوەتەوە و دوو فیشەكی بە پاسەوانەكەوە ناوە و كوشتویەتی".

بنەماڵەی حەمەسوور دوشیوانی پاش ڕووداوەکە وتیان "بكوژەكە ڕایكردووەو خۆی شاردووەتەوەو لە هەوڵی ئەوەداین ڕادەستی یاسای بكەین".

ڕۆژی دواتر ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی کوڕەکەی حەمەسوور دوشیوانی ڕاگەیاند.