پەرەگراف
"دزرانی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار"ی دەستەی گشتیی باج لە بانکی ڕافیدەین کە لەلایەن وەزیری نەوتی عێراق پەردەی لەسەر لادرا، بووتە باسێکی گەرمی پەرلەمان و شەقامی عێراقی و داوا دەکرێت قەدەغەی گەشت بەسەر سەرۆکوەزیران و چەندین بەرپرسی باڵادا بسەپێندرێت تاوەکو لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە تەواو دەبن.
دۆسیەکە کاردانەوەی فراوانی بەدواداهات، دەستەی نەزاهە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات و محەمەد شیاع سوودانی کە ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەڵێنی بەدواداچوون لەبارەوە دەدات.
"هەرگیز لە گرتنەبەری رێوشوێنی راستەقینە درێخی ناکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە بەشێوەیەکی زۆر خراپ لە جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی تەشەنەی سەندووە" سوودانی وادەڵێت.
لەبارەی دزرانی ئەو ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەوە دەڵێت "ئەو دۆسیەیەمان لەپێشینەی کارەکانمان داناوە و رێگە بە دزینی پارەی عێراقییەکان نادەین وەک ئەوەی لەگەڵ پارەی سپاردەکانی دەستەی گشتیی باجەکان لە بانکی رافیدەین روویدا."
دزرانی پارەکە چۆن ئاشکرا بوو؟
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق کە بە وەکالەت وەزیری داراییش بوو، بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەتی لێوەرگیرایەوەو ئەویش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەو پۆستە ئاڕاستەی سەرۆکوەزیران کردو تێیدا باسی ئەو دزییە گەورەیەی کردووە.
بەپێی نامەى دەستلەکارکێشانەوەکە، "دزینى ئەو ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە" لە نێوان 1ى ئەیلوولی 2021 تاوەکو 15ى ئابی 2022 بووە".
رۆژی 15ی تشرینی یەکەمى 2022، مستەفا کازمى نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەى ئیحسان عەبدولجەبارى لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت پەسند کرد، پاشان ئیحسان عەبدولجەبار لە تویتێکدا دزینى ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا کردو بەستییەوە بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ لێوەرگرتنەوەی پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت.
ئیحسان عەبدولجەبار لە نامەکەیدا ئەوەدەخاتەڕوو، بڕیارەکەى پەرلەمان "نایاسایی" بووە و دەڵێت "ویستێکى تووند بوو بۆ دوورخستنەوەم لە پێگەى ئێستام لە زووترین کاتدا، ئەوەش لە بەرژەوەندیى ئەو لایەنانەدایە کە دەستیان بەسەر ئەو ٢ ملیارو ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەدا گرتووە، لەگەڵ ئەوانەى چەکى رێپێدانى خەرجکردنى ئەو پارانەیان بۆ کردوون لە رووداوێکدا کە سەیرترینە لە عێراق و جیهان."
بەپێی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئیحسان عەبدولجەبار، یەکەم کارى وەک بریکاری وەزیری دارایی بە وەکالەت لە دەستەى گشتیى باج بووەو لەدواى ژمارەیەک کۆبوونەوە بۆى دەرکەوتووە کە ئەو دامەزراوە داراییە گەورەیە "هەرەسى هێناوە" و "شەفافیەتى تێدا نییە"، کە دیارترینیان بردنى پارەى بارمتەى ئەو دەستەیە بووە لە بانکى رافیدەین بە شێوەیەکى "نیمچە ئاشکرا."
ئیحسان عەبدولجەبار دەڵێت، ئاماژە سەرەتاییەکان لەوەوە دەرکەوتن کە 800 ملیۆن دۆلار لە بانکى رافیدەین دیار نەماوە، ئەوەش بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک کە لەبەردەستدان و چەند رێوشوێنێک گیراونەتەبەر بە گواستنەوەى بەشێک لە بەرپرسە ئیدارییەکان بۆ رێگرى لە ونکردنى بەڵگەنامەکان یان شاردنەوەى زانیارییەکان.
لەکاتى لێکۆڵینەوەکاندا زیجیرەیەک کارى ساختەکارى، بردنى پارە، حەواڵەکردنى چەندین بڕە پارە بۆ کۆمپانیاى نوێ ئەنجامدراون کە پەیوەندى و مافیان لە بەدەستهێنانى ئەو پارانەدا نەبووە کە بڕەکەى 2.5 ملیار دۆلارە.
نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئیحسان عەبدولجەبارو وتەکانی لەبارەی دزرانی ئەو پارە زەبەلاحە، بەخێرایی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوەو بووە باسێکی گەرم.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ئەو تاڵانییەی لە پارەی دەستەی گشتی باج کراوە بە ئاسانی تێناپەرێت و لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوێستی توندی دەبێت".
ژمارەیەک پەرلەمانتارو یاساناس داوادەکەن، قەدەغەی گەشتکردن بخرێتەسەر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و بەڕێوەبەری بانکی ڕافیدەین و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی عێراق تا لێکۆڵینەوەی شەفاف لەو دۆسیەیەدا دەکرێت و کەسانی تۆمەتبار ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.