دوو ڕۆژنامەنووس شەش ڕۆژە لە سلێمانی لە زیندانن و بافڵ تاڵەبانی دەڵێت ئەو شارە شوێنی زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان نییە

15-10-2022 04:15

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، سلێمانی شوێنێک نییە بۆ زیندانیکردن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و نووسەران، بەڵکو جێگەیەکە بۆ رێزگرتن لە رەخنە وئازادییەکانی رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازا و بوێرەکان.

ئەوە لەکاتێکدایە ماوەی شەش ڕۆژە ھەر دوو ڕۆژنامەنووس سەرتیپ وەیسی و ئیبراھیم عەلی لە ئاسایشی سلێمانی زیندانین.

میدیای یەکێتی بڵاوی کردەوە، "بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تیمی پارێزەرانی تایبەتی خۆی راسپاردووە لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان کار بۆ ئازادکردنی هەردوو رۆژنامەنووس ئیبراهیم عەلی و سەرتیپ وەیسی بکەن بە کەفالەت تاوەکو ئەوکاتەی دۆسیەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەردەگرێت و دادگا بڕیاری خۆی دەدات".

میدیای یەکێتی دەشڵێت بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند "سلێمانی شوێنێک نییە بۆ زیندانیکردن و ئازاردانی رۆژنامەنووس و نووسەران، بەڵکو پایتەختی رۆشنبیری جێگەیەکە بۆ رێزگرتن لە رەخنە و ئازادییەکانی رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەمە ئازا و بوێرەکان".

سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم سەعید رۆژنامەنووسانی ماڵپەری بوار نیوز ١٠ی ئەم مانگە لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر لەنزیک کۆیە لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەستگیر کران و ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی کران.

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ سەردانی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی کردووە لە زیندانی ئاسایش ودەڵێت "لەسەر دوو کەیس دەستگیر کراون یەکەمیان دەزگای دژەتیرۆر سکاڵا کارەو دوەمیان وەزیری دارایی ھەرێم.. بەپێی وردەکاریەکانی لێکۆڵینەوە زانیومانە کە دەزگای دژەتیرۆر بەنیازە سکاڵاکەی خۆی بکێشێتەوە، بۆ کەیسی دوەمیش رەوانەی پۆلیس و دادگای سلێمانی بکرێن".

"باری تەندروستی ھەردوو رۆژنامەنووسەکە جێگیرەو باری دەروونیان ئاساییە.. داواکارین لە نزیکترین دەرفەتدا رەوانەی پۆلیس بکرێن و ماددەکانیان لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەوە بۆ بکرێت بە یاسای رۆژنامەگەریی " سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وادەڵێت.

ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنیان، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانیان سەردانی ئاسایشی سلێمانیی كرد و چاوی بەو ڕۆژنامەنووسانە كەوت. مونا یاقو ڕایگەیاند ئەو ڕۆژنامەنووسانە وتوویانە پێشتر ئاگادار نەكراونەتەوە لەوەی سكاڵایان لەسەرە و بەشێوەیەكی لەناكاو دەستگیر كراون.

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەی بوو، وتیشی "ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەهۆی بوونی فەرمانی دەستگیركردنیان، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیاندا بەبێ‌ هیچ توندووتیژییەك دەستگیر كراون و خراونەتە ئۆتۆمبێلێكی دژەتیرۆرەوە، شەو لای دژەتیرۆر ماونەتەوە و كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی دوێنێ‌ ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی كراون".

مونا یاقو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیر كراون، بەڵام جەختی كردەوە كە پێویستە ڕۆژنامەنووسان بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، چونكە ئەو یاسایەش باسی تەشهیر و ناوزڕاندنی كردووە.