دوو ڕۆژنامەنووس ٥ ڕۆژە لە سلێمانی لە زیندانن و دیارنییە کەی ئازاد دەکرێن

15-10-2022 02:30
وێنەی ئەمڕۆی سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسەکە

پەرەگراف

دوو ڕۆژنامەنووس ماوەی ٥ ڕۆژە لە سلێمانی لە زیندانن و دیارنییە کەی ئازاد دەکرێن، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا دەکات، ماددەیاساییەکان بگۆڕدرێت بە یاسای ڕۆژنامەگەریی.

سەرتیپ وەیسی و ئیبراهیم سەعید رۆژنامەنووسانی ماڵپەری بوار نیوز ١٠ی ئەم مانگە لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر لە نزیک کۆیە لەلایەن هێزێکی دژەتیرۆری یەکێتییەوە دەستگیر کران و ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی کران.

کاروان ئەنوەر سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ سەردانی دوو ڕۆژنامەنووسەکەی کردووە لە زیندانی ئاسایش و دەڵێت "لەسەر دوو کەیس دەستگیر کراون یەکەمیان دەزگای دژەتیرۆر سکاڵا کارەو دوەمیان وەزیری دارایی ھەرێم.. بەپێی وردەکاریەکانی لێکۆڵینەوە زانیومانە کە دەزگای دژەتیرۆر بەنیازە سکاڵاکەی خۆی بکێشێتەوە، بۆ کەیسی دوەمیش رەوانەی پۆلیس و دادگای سلێمانی بکرێن".

"باری تەندروستی ھەردوو رۆژنامەنووسەکە جێگیرەو باری دەروونیان ئاساییە.. داواکارین لە نزیکترین دەرفەتدا رەوانەی پۆلیس بکرێن و ماددەکانیان لە یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەوە بۆ بکرێت بە یاسای رۆژنامەگەریی " سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وادەڵێت.

ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنیان، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانیان سەردانی ئاسایشی سلێمانیی كرد و چاوی بەو ڕۆژنامەنووسانە كەوت. مونا یاقو ڕایگەیاند ئەو ڕۆژنامەنووسانە وتوویانە پێشتر ئاگادار نەكراونەتەوە لەوەی سكاڵایان لەسەرە و بە شێوەیەكی لەناكاو دەستگیر كراون.

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادەی بوو، وتیشی "ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە بەهۆی بوونی فەرمانی دەستگیركردنیان، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەولێر لەناو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیاندا بەبێ‌ هیچ توندووتیژییەك دەستگیر كراون و خراونەتە ئۆتۆمبێلێكی دژەتیرۆرەوە، شەو لای دژەتیرۆر ماونەتەوە و كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی دوێنێ‌ ڕادەستی ئاسایشی سلێمانی كراون".

مونا یاقو ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ڕۆژنامەنووسانە بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بە ماددەی دووی یاسای خراپ بەكاورهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیر كراون، بەڵام جەختی كردەوە كە پێویستە ڕۆژنامەنووسان بە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەنووسی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، چونكە ئەو یاسایەش باسی تەشهیر و ناوزڕاندنی كردووە.