وەزیری سەدر: بەشداریی لە حکومەتی نوێی عێراقدا ناکەین و ھەرکەس بەشداریی بکات لە ئێمە نییە
پەرەگراف
ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری سەد ناسراوە ڕایگەیاند، بەشداریی لە حکومەتی نوێی عێراقدا ناکەن و ھەرکەس بەشداریی بکات لە ئەوان بێبەرییە.
وەزیرەکەی سەدر لە پەیامێکدا دەشڵێت: حکومەتی "ھاوپەیمانیی شوێنکەوتەیی و میلیشیایی تاقیکراوە" خواستەکانی گەل بەدیناھێنێت.
ساڵح محەمەد عێراقی باسلەوەش دەکات، دوای ئەوەی ھەوڵەکان بۆ حکومەتێکی نیشتمانی شکستیان ھێان، ئەوان ڕێگەنادەن عێراق ببێتە یاریی بەدەست لایەنی دەرەکییەوەو داھاتی عێراق نابێت بچێتە بانکە گەندەڵەکانەوەو دەشڵێت: پلان ھەیە بۆ مانەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران.
ئەوە یەکەم ھەڵوێستی فەرمیی سەدرییەکانە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەدوای ڕاسپاردنی محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پێکھێنانی کابینەکەی.
دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرکەوتووبوو لە هەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید بە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆککۆمار شیاع سودانی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەت و چاوەڕواندەکرێت سوودانی هەنگاوەکان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەست پێ بکات.
هەرچەندە سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بوو، بەڵام ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ پارتی و سوننەکان پێکیهێنا نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، بەوهۆیەوە سەدر لە پەرلەمان و دواجار لە پڕۆسەی سیاسی کشایەوەو هەرلەسەرەتاوە دەرگای بەڕووی بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی داخستووەو تا ئێستا سوورە لەسەر نەکردنەوەی ئەو دەرگایەو دووکەوتنەوەی لە پرۆسەی سیاسی.