بازرگانێكی سلێمانی لەپێناو پارە بۆ خوار بەغداد دەڕفێندرێت؛ تۆمەتبارێكیان برازای خۆیەتی

14-10-2022 05:25

پەرەگراف

گرووپێكی چواركەسی بە جلوبەرگی سەربازییەوە، بازرگان و سەرمایەدارێكی شاری سلێمانی "لەپێناو پارە" بۆ "خوار بەغداد" دەڕفێنن. لە ماوەی 24 كاتژمێردا سەرجەم تۆمەتبارەكان دەستگیر دەكرێن و بازرگانە ڕفێندراوەكەیش دەگەڕێندرێتەوە ماڵی خۆی. ئەو بازرگانە دەڵێت "یەكێك لە ڕفێنەرەكان برازای خۆمە".

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "كاتژمێر ٤:١٠ خولەكی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣-١٠-٢٠٢٢، چەند كەسێكی دەرچوو لە یاسا بە جلوبەرگی سەربازی و چەكەوە ھەڵدەكوتنە سەرماڵی بازرگان و سەرمایەدار (یونس قادر ئەحمەد) لە گەڕەكی ئاشتیی سلێمانی. دەیڕفێنن، ئۆتۆمبێلكەی لە جۆری لێكزز و بڕێك پارە و ئاڵتوون دەدزن و ھەڵدێن".

پاش ئازادكردنی و گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، ئەو بازرگانە لەبارەی چۆنێتیی ڕووداوەكەوە وتی "چوار كەس بە جلی سەربازی و چەكەوە دەرگای ماڵەكەمیان شكاند و هاتنە ژوورەوە و هەموومانیان لە ژوورێكدا بەند كرد، دواتر منیان هێنایە ئەملاوە و سەریان شكاندم، كەلەپچەیان كردم و بردمیان بۆ خوار بەغدا و ویستیان بەرەو كوت بمبەن".

یونس قادر ئەحمەد وتیشی "لە نەهرەوان بەرەو مەداین دەچوون، دواتر منیان بە دەمبەستراوی و كەلەبچەكراوی لەناو سەیارەكەدا جێهێڵا، دوای نیو سەعات بۆ سێ‌ چارەك، كە زانیم كەسی لێ‌ نەماوە، هەوڵێكی زۆرم دا خۆم لە سەیارەكە خستە خوارەوە و هاوارم كرد، دووسێ‌ كە كە چاویان لێم بوو، بەدەممەوە هاتن و دواتر ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش هاتن".

سەبارەت بە ناسنامەی گرووپەكە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "پێكھاتبوون لە كورد و عەرەب. هەمان ڕۆژ لە دیالە دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ئ.م) و (ھ.ی) دەستگیر كران، لە دوو ھەڵمەتی جیاشدا ڕۆژی ١٣-١٠ لە قەزای كفری تۆمەتبار (م.م) و ڕۆژی ١٤-١٠ لە سلێمانی تۆمەتبار (ح.ع) دەستگیر كران".

هەر سەبارەت بە ناسنامەی تۆمەتبارەكان، ئەو بازرگانەی شاری سلێمانی وتی "كەسێكیان برازای خۆمە بە ناوی (ه.ی.ق.)، هەموو ئیشەكە ئەو كردوویەتی بۆ پارە بووە".

ئاسایش وێنەی تۆمەتبار و كەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەكانی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "دەست بەسەر جبەخانە و چەك و جلوبەرگە سەربازییەكانیشدا گیراوە".

ئۆپەراسیۆنەكانی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە هاوكاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەنجام دراوە و ئاسایشی سلێمانی دەڵێت "لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە و لە داھاتوودا لەبارەی ئەم گرووپە تاوانكارییەوە زانیاریی زیاتر دەخەینە ڕوو".