پەرەگراف
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی هاوکار عەبدوڵا ئەفسەرەکەی دژەتیرۆری یەکێتی کە بەهۆیەوە خۆیشی کوژرا، بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: بە دوو بۆمبی لکێندراو بووەو بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
ھاوکات لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی لەبارەی ئەو ڕووداوە بڵاوکردەوەو دەڵێت "سەرەڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەم بە زووترین کات بکەرانیئەو کردەوە تیرۆریستییە دەستگیر بکەن".
"هەر ئەمڕۆش پەیوەندیم کرد بە بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، داوام لێکرد کە بە زووترین کات بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکەن" لاھور شێخ جەنگی وادەڵێت.
پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشکرا کرد، ھاوکار عەبدوڵا کەسێکی نزیکی لاھور شێخ جەنگی بووە، ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێش بەھۆی ململانێکانی ناوخۆی یەکێتی ئەرکەکەی گواستووەتەوە بۆ ھەولێر، دەزگای زانیاریی یەکێتیش بە "ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆر" ناوی دەبات.
ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت"لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشیهەرێمی کوردستان بە ناوی هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو دەزگای زانیاری ئەرکەکەی خۆی گواستبوویەوە بۆ شاری هەولێر، لە ڕێگەی دوو بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کرایە ئامانج و بەداخەوە شەهید بوو، هاوکات چوار سەرنشین کە لە هاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی پێک هاتبوون، بریندار بوون".
"ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە سەرکۆنە دەکات و، لێکۆڵینەوەکانیان لەوبارەوە دەست پێ کردووە و بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن" ئەنجومەنەکە وادەڵێت.
ھاوکات دەزگای زانیاریی یەکێتی لەبارەی ڕووداوەکەوە، داوادەکات ھێزە ئەمنییەکان "لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن وراستیی رووداوەکە و تۆمەتباران ئاشکرا بکەن".
"پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٧ ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٢ لە رووداوێکی نەخوازراودا لەشاری ھەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز عەقید ھاوکارعەبدوڵا ناسراو بە ( ھاوکار جاف) کرایە ئامانج و بەداخەوە شەھیدکرا. شەھید ھاوکار كە پێشترلە ئەرک و فەرمانی رەسمیدا بوو رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامیو ئاسایشی ھەرێمی کردووە" دەزگای زانیاریی وادەڵێت.
دەزگاکە دەشڵێت "وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زووچاکبوونەوەش بۆبریندارەکان دەخوازین، داواش دەکەین لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبنو راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتیئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن".
لەکاتی ڕووداوەکەدا سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "ئەوکەسەی بە بۆمبی چێندراو ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایەوەو گیانی لەدەستدا، ناوی ھاوکار عەبدوڵایەو ناسراوە بە ھاوکار جاف، عەقید بووە لە دژە تیرۆری یەکێتی و لە ھەولێرو نەینەوا بەرپرسیارێتی ھەبووە، نزیک بووە لەلاھور شێخ جەنگی و ماوەیەکە لەئەرکدا نەماوە".
سەرچاوەکە وتیشی "ڕووداوەکە لە نزیک ماڵیخۆیان ڕوویداوەو ھاوسەرەکەی و دوو منداڵی وخوشكێكی لەگەڵدا بووە".
"لێکۆڵینەوەی چڕ دەستی پێکردووە بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە" سەرچاوەکە وای وت.
ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە ھاوکار عەبدوڵا خۆی شۆفێری بووەو جۆری لاند کرۆزەری مۆدێل بەرزبووە.