دەزگای زانیاریی یەکێتی لەبارەی تەقینەوەکەی ھەولێر: ھێزە ئەمنییەکان وردبن و راستیی رووداوەکە و تۆمەتباران ئاشکرا بکەن

07-10-2022 05:35

پەرەگراف

دەزگای زانیاریی یەکێتی لەبارەی تەقینەوەکەی ھەولێر کە تێیدا ئەفسەرێکی پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی کوژرا، داوادەکات ھێزە ئەمنییەکان "لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و راستیی رووداوەکە و تۆمەتباران ئاشکرا بکەن".

"پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە رووداوێکی نەخوازراودا لەشاری ھەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز عەقید ھاوکار عەبدوڵا ناسراو بە ( ھاوکار جاف) کرایە ئامانج و بەداخەوە شەھیدکراشەھید ھاوکار كە پێشتر لە ئەرک و فەرمانی رەسمیدا بوو رۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامیو ئاسایشی ھەرێمی کردووە" دەزگای زانیاریی وادەڵێت.

دەزگاکە دەشڵێت "وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، داواش دەکەین لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و رووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن".

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشکراکرد، ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە ھەولێر بە بۆمبی چێندراو ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایەوەو کوژرا ئەفسەر بووە لە دژەتیرۆری یەکێتی و پلەی عەقید بووەو ماوەیەکە لە ئەرکدا نەماوە

سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "ئەو کەسەی بە بۆمبی چێندراو ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایەوەو گیانی لەدەستدا، ناویھاوکار عەبدوڵایەو ناسراوە بە ھاوکار جاف، عەقید بووە لە دژە تیرۆری یەکێتی و لە ھەولێر و نەینەوا بەرپرسیارێتی ھەبووە، نزیک بووە لەلاھور شێخ جەنگی و ماوەیەکە لە ئەرکدا نەماوە".

سەرچاوەکە وتیشی "ڕووداوەکە لە نزیک ماڵی خۆیان ڕوویداوەو ھاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشكێكی لەگەڵدا بووە".

"لێکۆڵینەوەی چڕ دەستی پێکردووە بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە" سەرچاوەکە وای وت.

ڕووداوەکە لەناو شاری ھەولێر نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕوویدا، دژەتیرۆری کوردستان(پارتی)، لەبارەی تەقینەوەکەوە ڕایگەیاند "لەگەڕەکیسەربەستی لە شاری هەولێر، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەستدا و دوو ئافرەت ودوو منداڵیش کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون بریندار بوون".

ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە ھاوکار عەبدوڵا خۆی شۆفێری بووەو جۆری لاند کرۆزەری مۆدێل بەرزبووە.