کامێرای نوێ لە شوێنی ئەو کامێرایانەی چاودێریی تیژڕەوی دادەنرێن کە لە ڕێگای سلێمانی-دوکان تەقەیان لێکرا

07-10-2022 04:19
یەکێک لەو کامێرایانەی لە ڕێگای سلێمانی - دوکان تەقەی لێکراو زیانی بەرکەوت.

پەرەگراف- ھەردی عوسمان

ئەو کامێرایانەی چاودێریی تیژڕەوی کە لە ڕێگای سلێمانی-دوکان زیانیان بەرکەوت بەھۆی تەقەلێکردن و ئاگرتێبەردان، لێکرانەوە و کامێرای نوێ لەشوێنیان دادەنرێت.

لاوەند فەرەیدون پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر کە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دانانی کامێراکانە، بە پەرەگرافی وت "شەش کامێرامان زیانی بەرکەوتووەو کامێرای نوێ لە شوێنیان دادەنرێن، ھەروەھا کامێرای چاودێری لەگەڵ کامێراکان دادەنرێن بۆ چاودێریی ناوچەکە و پاسەوانیی کامێراکان".

"کامێرای چاودێرییەکان سەرەتای ئەم ھەفتەیە دەکەوێتەکار، بەڵام کامێرای چاودێری تیژڕەوییەکان جارێ ناکەونەکار تا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە وەردەگیرێن" پارێزەری کۆمپانیاکە وای وت.

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە ئاگر لە کامێرایەکی چاودێریی تیژڕەوی بەردرا لە نزیک ناحیەی پیرەمەگروون لەسەر ڕێگای سلێمانی-دوکان، سێ ڕۆژ پێشتریش لەھەمان ڕێگا تەقە لەو کامێرایانە کراو زیانیان بەرکەوت.

پێشتریش ڕۆژی ٢٢-٨-٢٠٢٢ بۆ یەکەمجار لەسەر هەمان ڕێگا تەقە لەو كامێرایانەی تۆماركردنی تیژڕەویی ئۆتۆمبێل كرا كە ماوەی هەفتەیەك بوو بۆ تاقیكردنەوە دانرابوون.

کۆمپانیاکە سکاڵای تۆمار کردووە لەسەر ئەو ڕووداوانەو ھێشتا لایەنە ئەمنییەکان دەستگیرکردنی کەسیان ڕانەگەیاندووە لەسەر ئەو دۆسیەیە.

دانانی ئەو كامێرای چاودێری تیژڕەوییانە بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵە -پۆینت تو پۆینت-، ئەو سیستمە ناڕەزایی فراوانی خەڵکی لێکەوتووەتەوەو هەریەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و داواكاری گشتی دژی وەستاونەتەوەو بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكە دەكەن.

کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەردەوامە لەسەر کارەکانی و نووسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ کردووە تا پڕۆژەکە وەرگرتنی سەرەتایی بۆ بکرێت و بکەوێتەکار.

بەپێی گرێبەستەکە ٢٢٠ کامێرا لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و ڕاپەڕین بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێن.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٣-٨-٢٠٢٢دا دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەویی بە سیستمی پۆینت تو پۆینت تاوتوێ كردو بە كۆی دەنگ ڕەتی كردەوە و پێشنیاری بۆ پەرلەمانی كوردستان كرد گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ وكۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، دوای کۆوبونەوەکە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لەكۆبوونەوەیئەمڕۆدا سێ‌ بڕیارمان دا. یەكەم: بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو ڕەتمان كردەوە ئەم پرۆژە لە پارێزگاكانی سلێمانی وهەڵەبجە وئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕێن جێبەجێ‌ بكرێت".

"بڕیارێكی دیكەمان ئەوە بوو كە داوا لە داواكاری گشتی بكەین جارێكی دیكە كار بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە وپێشنیازیشمانبۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە ڕێكاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی"، ئازاد حەمەئەمین وای وت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "پێشنیاز كرا بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر وەزیری ناوخۆی هەرێم، پێشنیازەكە دەنگیهێنا، دوای ئەوەی ڕا و سەرنجی پسپۆڕانی یاسایی وەردەگرین، سكاڵاكە تۆمار دەكەین".

سەرۆكی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوەش كرد كە "لایەنی جێبەجێكاری بڕیارەكە پارێزگارە و ئەگەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دژی بڕیارەكان بوەستنەوە، ناچار دەبین ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەوانیش بگرینە بەر".

شوێنی كامێراكان بریتین لە (ناوشاری سلێمانی لە شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری، ڕێگاكانی نێوان سلێمانی - ڕاپەڕین، سلێمانی - چەمچەماڵ، سلێمانی - گەرمیان و سلێمانی - هەڵەبجە).

بەپێی گرێبەستەكە، تا ئەو كاتەی كۆی تێچووی پرۆژەكە دەدرێتەوە بە كۆمپانیانی جێبەجێكار، لەسەدا 70ی داهات بۆ كۆمپانیا و لەسەدا30 بۆ حكومەت دەبێت، دواتر لەسەدا 80ی داهات بۆ حكومەت و لەسەدا 20 بۆ کۆمپانیا دەبێت تا 15 ساڵ، پاش ئەوە كۆی پرۆژەكە دەبێت بەهی حكوومەت.

داواكاری گشتیی سلێمانی لە ١٨-٨-٢٠٢٢ نووسراوێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی لێكۆڵینەوەی دەستپاكی كردووە و داوای گرتنەبەریڕێكاری یاسایی بەرانبەر دانانی كامێراكانی تیژڕەوی کردووە و دەڵێت "گرێبەستی دانانی كامێرای چاودێریی تیژڕەوی پێچەوانەی یاسایەو زیان بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت".

داواكاری گشتیی سلێمانی دەشڵێت، سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە 19-1-2022 داوای لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە، بەڵام تا ئێستا هیچ كارێكی پێویست لەو ڕووەوە ئەنجام نەدراوە.