پەرەگراف
ئەو کەسەی لە ھەولێر بە بۆمبی چێندراو کوژرا ئەفسەر بووە لە دژە تیرۆری یەکێتی و پلەی عەقید بووەو ماوەیەکە لە ئەرکدا نەماوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "ئەو کەسەی بە بۆمبی چێندراو ئۆتۆمبێلەکەی تەقێندرایەوەو گیانی لەدەستدا، ناوی ھاوکار عەبدوڵایەو ناسراوە بە ھاوکار جاف، عەقید بووە لە دژە تیرۆری یەکێتی و لە ھەولێر و نەینەوا بەرپرسیارێتی ھەبووە، نزیک بووە لە لاھور شێخ جەنگی و ماوەیەکە لە ئەرکدا نەماوە".
سەرچاوەکە وتیشی "ڕووداوەکە لە نزیک ماڵی خۆیان ڕوویداوەو ھاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشكێكی لەگەڵدا بووە".
"لێکۆڵینەوەی چڕ دەستی پێکردووە بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ڕووداوەکە" سەرچاوەکە وای وت.
ڕووداوەکە لەناو شاری ھەولێر نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕوویدا، دژەتیرۆری کوردستان(پارتی)، لەبارەی تەقینەوەکەوە ڕایگەیاند "لەگەڕەکی سەربەستی لە شاری هەولێر، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەستدا و دوو ئافرەت و دوو منداڵیش کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون بریندار بوون".
ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیوەتەوە ھاوکار عەبدوڵا خۆی شۆفێری بووەو جۆری لاند کرۆزەری مۆدێل بەرزبووە.