داوایەکی كوڕی وهزیری پێشمهرگه بۆ دروستكردنی شوقهی نیشتهجێبوون لەسەر ئەو زەوییەی کە پێیدراوە ڕهتكرایهوه
پەرەگراف
وەبەرهێنانی سلێمانی داوایەکی کوڕی وەزیری پێشمەرگەی ڕەتکردەوە بۆ دروستکردنی دوو تاوەری نیشتەجێبوون لە بری تاوەری بازرگانیی لەسەر ئەو زەوییەی کە پێیدراوە.
سان شۆڕش ئیسماعیل، کوڕی وەزیری پێشمەرگە زهوییهكی گرانبههای له بناری گۆیژه لەسەر شەقامی ٦٠ مەتریی سلێمانی پێدراوە بهمهبهستی دروستكردنی ریستۆرانت و دوو تاوەری بازرگانیی.
لە نووسراوێکدا بۆ وەبەرھێنانی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، کوڕی وەزیری پێشمەرگە داوای ڕەزامەندیی دەکات بۆ گۆڕینی سێکتەری دوو تاوەرەکە لە بازرگانییەوە بۆ نیشتەجێبوون، بەو پێیەی قازانجی زیاترە، بەڵام وەبەرھێنان داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە.
پێدانی ئەو زەوییە ناڕەزایی فراوانی خەڵک و پەرلەمانتارانی لێکەوتووەتەوەو باسێکی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، داوا دەکرێت ئەو زەوییەکە ڕووبهرهكهی چوار ههزار و 690 مەترە لێی وەربگیرێتەوەو بەپێی یاسا بفرۆشرێت و پارەکەی بۆ پڕۆژەو خزمەتی خەڵک تەرخانبکرێت کەبە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.
داواکارییەکەی کوڕەکەی وەزیری پێشمەرگە

وەڵامی وەبەرهێنانی سلێمانی

ئەوە لەکاتێکدایە تەخشان و پەخشانکردن و پارچەپارچە کردنی زەوی لە سلێمانی و فرۆشتنی بە نایاسایی لەگەڵ پێدانی زەویی گرانبەھا بەخزم و کەسوکارو کۆمپانیای نزیک لە بەرپرسان لە سلێمانی و ھەولێر ناڕەزایی فراوانی لێکەوتووەتەوەو داوای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت لەسەر ئەو پرسە.
بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووەو داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن بەئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان.
کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، پێشتر ڕایگەیاند "دانیشتنەکە لەسەر چۆنیەتی دابەشکردن وبەهەدەردانی ئەو زەوییانە دەبێت کە لە سلێمانی بە نایاسایی دابەشکراون و دەیان هەزار پارچە زەوین، هەروەها لەسەر چۆنیەتی پێدانیزەوی بە وەبەرهێنان لە هەولێر کە دەیان هەزار دۆنم لەم کابینەیەی حکومەتدا دراوەتە وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەو بەپێی بەدواداچوونەکانمان پێدانی زەوییەکان جێی پرسیارو گومانەو زۆربەیان دراونەتە چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو کە نزیکن لە حیزبی دەسەڵاتدار".
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی "لە هەمویشی خراپتر ئەو شێوازی ئیجرائاتکردنەیە کە دەکرێت، کاتێک سەرپێچی یاسایی دەکرێت دەبێت هەر لە ڕێی یاساوە ڕێکاربگیرێتەبەر لە ڕێگای دادگاوە نەک لەڕێی هێزی سەربازیی وەک ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت، ئەوەی دەیبینین تەسفیەی حسابات و شەڕە لەسەر داگیرکردنی زیاتر".
لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە لە سلێمانی، کاوە عەبدولقادر وتی "چەند کەسێک دەستگیر کراون، بەڵام ئەوبەرپرسە باڵا سەربازییانەی دەیان هەزار پارچە زەوییان دابەشکردووەو فرۆشتوویانە هیچیان دەستگیر نەکراون، کۆمەڵێک فەرمانبەری ناو شارەوانییەکانیان دەستگیرکردووە، بەڵام کەسە سەرەکییەکانیان دەستگیر نەکردووە".