چەمچەماڵییەكان نیگەرانن؛ دوو وەزیر ناونانی چەمچەماڵ بە پایتەختی شەهیدان ڕەت دەكەنەوە

14-09-2022 07:06

پەرەگراف - پەرەگراف

پێشنیازەیاسای ناونانی چەمچەماڵ بە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزیری حكوومەت بۆ كاروباری پەرلەمان ڕەت كرایەوە. بڕیارەكە نیگەرانیی بەرپرسانی چەمچەماڵی بەدوای خۆیدا هێناوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت "وەزیری شەهیدان تۆڵەی دەركردنەكەی لە یادی ئەنفال، لە خەڵكی چەمچەماڵ كردەوە".

بەپێی نووسراوێك كە واژووی ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمانی لەسەرە، پێشنیازەیاسای (ناونانی چەمچەماڵ بە پابتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەرێمی كوردستان - عێراق) لەلایەن ئەو وەزیرە و وەزیری كاروباری شەهدان و ئەنفالكراونیشەوە ڕەت كراوەتەوە.

لە نووسراوەكەدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە، هاتووە "دوابەدوای وەرگرتنی ڕا و سەرنجی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە ژمارە (91) لە 16-6-2022، بەڕێزتان ئاگادار دەكەینەوە كە پشتگیری لە ڕای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەین بە ڕەتكردنەوەی پێشنیازەیاسای ئاماژەپێكراو".

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، ڕەتكردنەوەی پێشنیازەیاساكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە "زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستان خاوەنی شەهیدن و یادەكانیش لە سەرجەم ناوچەكان دەكرێنەوە".

لە وەڵامی نووسراوەكەدا، ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ، بە پەرەگرافی وت "نووسراوەكەی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان ڕایچڵەكاندین".

ڕەمك ڕەمەزان ئاماژەی بەوە كرد كە "چەمچەماڵ خاوەنی حەوت هەزار و 500 شەهید و ئەنفالكراوە، ئەمە جگە لەوەی 440 گوندی وێران كراوە، یەكەم شەهیدی شەڕی داعشیش هی چەمچەماڵە".

قائیمقامی چەمچەماڵ ئەوەی وەبیر هێنایەوە كە "لە 14-4-2015 ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، چەمچەماڵی وەكوو پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان ناساندووە، لە خولی پێشووی پەرلەمانیشدا بە واژووی 59 پەرلەمانتار یەكەم خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاساكە كراوە".

هەر بۆیە قائیمقامی چەمچەماڵ لە ڕێگەی پەرەگرافـەوە داوای لە وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزیری حكوومەت بۆ كاروباری پەرلەمان كرد كە چاوێك بەو نووسراوەدا بخشێننەوە و ئەو نازناوە بە چەمچەماڵ ببەخشن.

هاوكات سەلمە فاتیح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری وەزارەتی كاروباری شەهیدانی لەبارەی پێشنیازەیاساكەوە، بە "تۆڵەكردنەوەی وەزیر لە خەڵكی چەمچەماڵ لە بەرانبەر دەركردنی لە مەراسیمی ساڵیادی ئەنفال" ناو بردووە،

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "حكومەتێك چوار دێڕ شانازی بە شارێكی وەك چەمچەماڵ كە پڕە لە قوربانی و خۆفیدایی، نابەخشێت، ئیتر مافی ئەوەی نییە سڵاو بۆ خەڵكەكەی و بۆ شەهیدەكانی بنێرێت".

ڕۆژی 14-4-2022 لە كاتی بەڕێوەچوونی ساڵیادی ئەنفالكراوان لە چەمچەماڵ، كەسوكاری ئەنفالكراوان بە ناڕەزایی و توڕەییەكی زۆرەوە وەزیری شەهیدانیان لە مەراسیمەكە دەركرد.

لە كاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی ٣٤هەمین ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفال لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، لە دەستپێكی وتاری عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان، دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەوە و كەسوكاری ئەنفالكراوێك هاواری كرد با وتار پێشكەش نەكات، پاشان ناڕەزایی باڵی بەسەر مەراسیمەكەدا كێشاو كەسوكاری ئەنفالكراوان بە كۆمەڵ چوونە بەردەم شوێنی وتاردانەكە و ڕێگەیان نەدا وەزیر وتارەكەی تەواو بكات.

دواتر بە هوتافكێشان وەزیریان لە شوێنەكە دوورخستەوەو ناڕەزاییەكانیان بردەسەر شەقامی سەرەكی سلێمانی-چەمچەماڵ و بۆماوەیەك شەقامەكەیان داخست و بەردبارانی ئۆتۆمبێلی ئەو بەرپرسانەیان كرد كە بۆ ساڵیادەكە چووبوونە چەمچەماڵ.

كەسوكاری ئەنفالكراوان نیگەرانیی و توڕەییان لە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە كەمتەرخەمە بەرامبەر دۆسیەی ئەنفال وخزمەتكردنیان.