داوای چارەسەری كێشەی ماتۆڕسكیلەكان دەكرێت؛ ناكرێت بە ئاشكرا بفرۆشرێت و لە دەستی كاسبكاردا بگیرێت

14-09-2022 04:43

پەرەگراف

ژمارەیەك چالاك و پارێزە لەسەر هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكان لەگەڵ هاتوچۆی هەولێر كۆبوونەوە و داوای چارەسەری ئەو كێشەیان كرد. ئەوان دەڵێن "ناكرێت بە ڕۆژی ڕووناك لە مەیدانێكدا ماتۆڕسكیل بفرۆشرێت، لە شەقامی پشتەوەش دەست بەسەر ماتۆڕسكیلی كاسبكاراندا بگیرێت".

پاش كۆبوونەوەكە، فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، بۆ میدیاكان وتی "ئێمەش هاوڕاین كە سەرچاوەی هاتنی ماتۆڕسكیلەكان وشك بكرێت، بەڵام ئێمە وەكوو هاتوچۆ ئەو كاتە لێی بەرپرسین كە دێتە سەر شەقام، لایەنی تر هەیە بەرپرسن لەوەی سەرچاوەكەی وشك بكەن".

فازڵ حاجی وتیشی "ئەو ماتۆڕانەی بە فەرمی لە دەروازە سنوورییەكانەوە هاتوون، دەستیان بەسەردا نەگیراوە، چونكە مەنەفێستیان هەیە، بەڵام ئەوەی كە ئێستا لە بازاڕدایە، لەسەدا 99ی مەنەفێستی نییە، ئەو وەرەقەیەی كە دەیدەن بە هاووڵاتیان و لەسەر نووسراوە (المواصفات الفنیە للمركبە)، ئەوە بەڵگەنامەیەكی ساختەیە و مەنەفێست نییە".

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا نوێنەری چالاكان و پارێزەران شەش داواكارییان ئاراستەی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ كرد، كە تێیدا داوا دەكەن "بەپێی یاسا ڕێگە بە هاووڵاتیان بدرێت كە ماتۆڕسكیل وەكوو هۆیەكی گواستنەوە بەكار بهێنن و مۆڵەتی لێخوڕینیان پێ‌ بدرێت". هەروەها "ڕێگایەكی یاسایی بدۆرێتەوە بۆ بەخشینی تابلۆ بەو ماتۆڕسكیلانەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەكوو هۆیەكی گواستنەوە بەكار دێن".

ئەو پارێزەر و چالاكانە جەخت دەكەنەوە كە "پێویستە ڕێگە لە بەقاچاغهێنانی ماتۆڕسكیل بگیرێت و هەر كەسێك بارزگانیی قاچاغی پێوە بكات و ئەوانەی لە پشتی ئەم بابەتەوەن، سزای یاسایی بدرێن".

"ناكرێت ماتۆڕسكیل بە قاچاغ هاوردە بكرێت و لە شارەكانیش مەیدانیان هەبێت بە ئاشكرا كڕین و فرۆشتیان پێوە بكرێت، داواكارین ئەوانە بە ماوەیەكی دیاریكراو بە دۆزینەوەی ڕێگەیەكی یاسایی تابلۆیان پێ‌ بدرێت".

هاوكات ئەو چالاك و پارێزەرانە داوا دەكەن "لە كاتی بوونی سەپێچی لەلایەن شۆفێرانی ماتۆڕسكیل و دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكان، پسووڵەیەك بە خاوەنەكەی بدرێت كە بزانرێت لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە دەستی بەسەردا گیراوە، دواتر بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت".

لە كۆتا خاڵیشدا پێیان وایە "بوونی ئەو هەموو ماتۆڕسكیلە بووەتە هۆی ڕووداوی هاتوچۆی ناخهەژێن و بەشێك لەوانەی بەكاری دەهێنن پابەند نین بە بڕیارەكانی هاتوچۆوە"، بۆیە دەڵێن "ڕێكخستنەوەی ئەم بابەتە لە چوارچێوەی یاسادا بە گرنگ دەزانین".