دایكی ماریا و پارێزەرەكەی ڕەخنەیان لە هەنگاوەكانی دادگا هەیە

14-09-2022 03:11

پەرەگراف - فەرمان سادق

دایكی ئیمان سامی (ماریا) و پارێزەرەكەی، ڕەخنەیان لە هەنگاوەكانی دادگا هەیە سەبارەت بە دۆسیەكە. پارێزەری دۆسیەی ماریا دەڵێت "كەیسەكە دەستوەردانی تێدا كراوە". دایكی ماریایش دەڵێت "لە كوڕەكەم تۆمەتبارتر لە پشت تاوانەكەوە هەیە".

ئەمڕۆ دانیشتنێكی دیكەی دادگایی دۆسیەی ئیمان سامیی ناسراو بە ماریا، ئەو كچە چالاكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە شەش مانگ لەمەوبەر كوژرا و براکەى تۆمەتبارە بە کوشتنى، بەڕێوە چوو.

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەكە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری پەرەگراف ئامادە بوو، ڕەخنەی لە ڕێكخراوەكانی مافی ژنان و ئافرەتان گرت كە لە دادگاییكردنەكەدا ئامادە نەبوون و وتی "دەبوو نوێنەری ڕێكخراوی ئافرەتان لە دادگا بوونی هەبووایە، بەڵام بەداخەوە یەك ڕێكخراوی ئافرەتان و مافی مرۆڤ و هیچ لایەنێك لە دادگاییكردنەكە ئامادە نەبوو".

ئەو پارێزەرە جەختی لەوە كردەوە كە "هەموو قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە و پەڕاوەكە كەموكووڕیی زۆری تێدایە"، ئاگاداریش نەبووە كە ڕۆژی دادگاییكردنەكە لە 25ی مانگ بۆ 14ی مانگ پێش خراوە، بۆیە داوای كردووە مۆڵەتی پێ‌ بدرێت بۆ ئامادەكردنی پەڕاوەكەی، بەڵام دادگا داواكارییەکەی وەرنەگرتووە.

"لە 6-3-2022 تاوانەكە ئەنجام دراوە، لە 8-5-2022یش كۆتایی بە لێكۆڵینەوە هێنراوە و ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند كراوە، ئەوەش گومان دروست دەكات، چونكە پەڕاوێكی لەو شێوەیە بەو ماوە کەمە لێكۆڵینەوەی تەواو ناكرێت. كەیسەكە دەستوەردانی تێدا كراوە و هەموو قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە و پەڕاوەكە كەموكووڕیی زۆری تێدایە"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

ئەو پارێزەرە وتیشی "ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو دادگا بڕیاری خۆی لەبارەی تاوانەكەوە دەخوێنێتەوە".

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، دایكی ماریا وتی "من كچەكەم لەدەست داوە و كوڕەكەشم بووەتە قوربانى. دڵنیام كوڕەكەم بكوژ نییە، ئەگەر بكوژیش بێت، بە ویستی خۆی ئەو شتەی نەكردووە و كچەكەمی زۆر خۆش دەویست، كەسێكی دیكە لە پشتیەوە هەیە كە زۆر لە كوڕەكەی من تۆمەتبارترە".

"كچەكەم چەند جارێك دەربەردەر كراوە لە ماڵ و لێیان داوە، باوكی ژنی هێناوەتەوە و مامەكانیشی دەیانبردەوە بۆ ماڵەوە و دوای دووسێ‌ ڕۆژ لێیان دەدا، ئیتر دەڕۆیشت، منیشیان كردبوو بە دوژمنی"، دایكی ماریا وای وت.