قەرزی درێژخایەن دەدرێتە جووتیاران و دەرچووانی بەشە ڤێتێرنەری و كشتوكاڵییەكان

14-09-2022 12:33

پەرەگراف

وەزارەتی كشتوكاڵ و بانكێكی هەرێمی كوردستان یاداشتێك واژوو دەكەن بۆ پێدانی قەرزی بچووك بە جووتیاران و دەرچووانی بەشە ڤێتێرنەری و كشتوكاڵییەكان بە ئامانجی بونیادنانی پڕۆژەی كشتوكاڵی.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ ڕایگەیاند، قەرزەكە سێ جۆرە، بچووك و مامناوەند‌ و گەورە، بڕی پارەكەیشی دەگاتە ١٠٠ ملیۆن دینار و لەو ڕێیەوە بایەخی زیاتر بە كشتوكاڵ دەدرێت و هەلی كار دەڕەخسێت.

وەزیری كشتوكاڵ وتیشی، هەفتەی داهاتوو یاداشت لەگەڵ بانكەكە واژوو دەكەن كە بانكێكی ئیسلامییە و بە شێوازی درێژخایەن و بەبێ خستنەسەری سوود قەرزەكە وەردەگرێتەوە.

ئەم قسانەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە میانەی بەڕێوەچونی فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەكانی ئیدارەی ڕاپەڕیندا هات. جەختیشی كردەوە "لەبەر ئەوەی قەرزەكە هیچ سوودێكی ناچێتە سەر، دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرترین كەس بتوانێت لێی سوودمەند بن و برەوی زیاتر بە بواری كشتوكاڵی بدرێت".

بەو قەرزە كە دەدرێتە جووتیاران، دەرچووانی بەشە كشتوكاڵییەكان و دەرچووانی بەشە ڤێتەرنەرییەكان، بۆ ئەوەیە پرۆژەی كشتوكاڵیی پێ بونیاد بنێن، كە وەكوو بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی پێ‌ دا "لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەلی كاری زیاتر بڕەخسێندرێت".