مامۆستایانی وانەبێژ هەڕەشەی بایكۆت لە كاتی هەستیار و كاتژمێری سفردا دەكەن

12-09-2022 10:23
گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران. وێنە؛ فەرمان سادق - پەرەگراف.

پەرەگراف

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ هۆشداری دەدەنە سەرۆكی حكومەت و وەزیری پەروەردە لە پەكخستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، ئەگەر تاكە داواكارییان كە دامەزراندنە، جێبەجێ‌ نەكرێت. دەڵێن "بە یەك دەنگ و بەڵێن لە پڕۆسەی خوێندنی ساڵی ۲۰۲۲ - ۲۰۲۳ دێینە دەرەوە و تا بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ نەدرێت، ناگەڕێینەوە هۆڵەكانی خوێندن".

لە بەیاننامەیەكدا بە ناونیشانی "بایكۆت هەمیشە ئەگەرێكی كراوە دەبێت لەبەردەم پڕۆسەی خوێندن"، نوێنەرانی مامۆستاسانی وانەبێژ جەخت دەكەنەوە كە "لە هەر چركەساتێكی دیاریكراو و گونجاو و هەستیاری ئەمساڵدا كە حكوومەت و وەزارەتی پەروەردە بە كرداری تێبگەیەنێت لە گرنگیی مامۆستایانی وانەبێژ، بایكۆت و خۆپیشاندانی گەورەی مامۆستایانی وانەبێژ" دەست پێ‌ دەكات.

وەكوو ئەو نوێنەرانە باسی دەكەن، دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەكان و وەزیری پەروەردە و لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمان، تا ئێستا هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەری كێشەی وانەبێژان بە دامەزراندن دەرنەكەوتووە، ئەوەی تا ئێستا هەیە و باسی لێوە دەكرێت، پڕۆژەیەكە كە وەزیری پەروەردە ڕادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی كردووە و چاوەڕێی وەڵامی سەرۆكی حوكمەتن.

ڕۆژی 6-9-2022، مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ١٦یەمین جار لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوای بەهەمیشەیكردنیان دەكەن. لەبری گوێگرتن لە داواكارییەكانیان و بەدەمەچوون بۆی، دوو كەس لە نوێنەر و ڕێكخەرانی گردبوونەوەكانی مامۆستایانی وانەبێژ دەستگیر كران و پاش نزیكەی 10 كاتژمێر ئازاد كران.

مامۆستا عەلی ڕئوف، یەكێك لە نوێنەرانی دەستگیركراوی مامۆستایانی وانەبێژ، بەر لە دەستگیركردنی بە پەرەگرافی وت، تا ئێستا ٣٧ جار چوونەتە بەردەم پەروەردەكان و زیاتر لە ٦٠٠ یاداشتیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، هەموو ئەوەش بۆ یەك داوایە كە بەهەمیشەییكردنیانە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵێنێكیان پێ نەدراوە بۆ جێبەجێكردنی.

عەلی ڕەئوف وتیشی، وانەبێژان زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستان و ئەگەر ئەوان نەچنەوە بۆ دەوام، خوێندن پەكی دەكەوێت، لەبەرئەوەی لە بەشێك لە پەروەردەكان مامۆستایانی وانەبێژ لە هەمیشەیی زیاترە و نموونەی بە قوتابخانەكەی خۆی هێنایەوە كە لە ٣٦ مامۆستا ٢٥یان وانەبێژن و تەنها ١١یان هەمیشەیین.

كارزان فیزیك، كە یەكێكی دیكە بوو لە نوێنەرانی دەستگیركراوی مامۆستایانی وانەبێژ، بەر لە دەستگیركردنی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە جگە لە دامەزراندنیان بە هەمیشەیی، بە هیچ شتێكی دیكە ڕازی نابن.