وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکەین

12-09-2022 02:46

پەرەگراف

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان راسپێردران.

"بۆ ئەم مەبەستە، کەمال محمد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت بڕیاریدا دەستبەجێ دەست بە جێبەجێکردنی کاری پێویست بۆ دابینکردن و دابەشکردنی نەوتی سپی بە سەر هاوڵاتیان لە مانگی داهاتوودا بکرێت" وەزارەتەکە وادەڵێت.

بڕیارە لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاویی و ساردەکان بە شێوەی پاڵپشتیکراو دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی بکرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی هەرێم بۆ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بۆ دوو ئەوەندە بەرزبووەتەوەو بەرمیلێک بە ٢٦٠ هەزار دینارە.