پەرلەمانتارێكی پارتی: ترسمان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و كورسییەكانمان زیاد دەكات

11-09-2022 10:01

پەرەگراف - فەرمان سادق

پەرلەمانتارێكی پارتی پێی وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندیی حیزبەكەی دەبێت. دەشڵێت "عێراق لەبەردەم دوو بژاردەدایە كە هیچیان چارەسەری كێشەكان ناكات و ڕەت كراونەتەوە".

جوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "پارتی ترسی لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق نییە، بەڵام ئەو هەنگاوە پێویستی بە كۆدەنگیی هەموو لایەنە سیاسییەكان هەیە و دەبێت هەمووانیش ئەنجامەكەی قبووڵ بكەن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا پارتی بە فەرمی وەڵامی داواكاریی وەزیرەكەی سەدری بۆ دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننەكان داوەتەوە؟ جوان عەبدوڵڵا وتی "هێشتا بە فەرمی وەڵاممان نەداوەتەوە، لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنەكان لە گفتوگۆداین".

پەرلەمانتارەكەی پارتی پێی وایە "گەرەنتی نییە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەردوو لایەنی شیعە (ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) بكات، ئەگەر هەردوولا گەرەنتیی ئەوە نەدەن بە ئەنجامەكەی ڕازی دەبن".

جوان عەبدوڵڵا بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "دەستوەردانی دەرەكی هۆكاری سەرەكییە لە نەگەیشتنە ڕێككەوتنی لایەنە عێراقییەكان، ئەو دەستوەردانەش لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق بوونی هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە".

"ئێستا عێراق لەبەردەم دوو بژاردەدایە كە هیچیان چارەسەری كێشەكان ناكات: ئەویش یان بەردەوامبوونی حكوومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی كە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵیدا نییە، یانیش پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە كە سەدرییەكان لەگەڵیدا نین"، جوان عەبدوڵڵا وای وت.

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی بۆچوونی وایە كە "لە ئەگەری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، ژمارەی كورسییەكانی پارتی زیاتر دەبێت لەوەی ئێستا هەیە".
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ مەسعود بارزانی و هاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان كۆبوونەوە و داوای پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ و بەردەوامیی كاری ئەنجوومەنی نوێنەرانیان تا هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد.

ئەو هەڵوێستەی پارتی و سوننەكان پێچەوانەی داواكاریی سەدرییەكانە كە هاوپەیمانی ئەو دوو لایەنە بوون و داوا دەكەن ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و حكوومەتی ئێستا هەڵبژاردنێكی نوێ بەڕێوە ببات.

بارەگای بارزانی بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پێشوازیی لە موحەممەد، حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە كردووە و بارودۆخی سیاسییان تاوتوێ كردووە.

"هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لە دوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان، بەرلەوەش حكوومەتێك پێك بێت كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو و متمانە بێت و هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی ڕێككەوتبن. جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرایەوە"، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.

ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی پارتی و سوننەكان لە كاتێكدایە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر وەزیرەكەی سەدر گەڕانەوەی فراكسیۆنی سەدری بۆ پەرلەمان ڕەت كردەوە و تۆپەكەی هەڵدایە گۆڕەپانی پارتی و سوننەكان، داوای كشانەوەی لێكردن لە پەرلەمان لەپێناو هەڵوەشانەوەی پەرلەمان.

ساڵح موحەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر، لە تویتێكدا وتی "هەندێك لە ئازیزان هەوڵ دەدەن بە ڕێگای یاسایی كوتلەی سەدری بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، كە ئەگەرێكی تێدایە هەرچەندە لاوازە، بەڵام گەڕانەوەیان دەبێت بە بنبەستێكی تر، بۆیە ئەمە لای ئێمە بە تەواوەتی‌ و ڕەهایی قەدەغەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا بێت".

وەزیرەكەی سەدر جەختی لە خواستی ڕەوتەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كردەوەو وتی "پێویست بە گەڕانەوەی ئێمە ناكات، بەڵكوو تەنیا بە كشانەوەی هاوپەیمانە كورد و سوننەكانمان، پەرلەمان شەرعیەت لەدەست دەدات‌ و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە".

ساڵح موحەممەد عێراقی پێی وابوو پێویستە "سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لە سەرۆكایەتیی حكومەتی كاربەڕێكەردا بمێننەوە‌ و سەرپەرەشتیی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن، بە هاوكاریی كەسانی تر لە عێراق، یاخود لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".