پارتی و سوننەکان هەڵویستی هاوبەش ئامادە دەکەن و پشت دەکەنە سەدر

11-09-2022 03:54
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی و حەلبووسی و خەنجەر.

پەرەگراف

مەسعود بارزانی و هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان کۆبوونەوەو داوای پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و بەردەوامیی کاری ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن تا هەڵبژاردنی پێشوەختە.

ئەو هەڵوێستەی پارتی و سوننەکان پێچەوانەی داواکاریی سەدرییەکان کە هاوپەیمانی ئەو دوو لایەنە بوون و داوا دەکەن، ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو حکومەتی ئێستا هەڵبژاردنێکی نوێ بەڕێوەببات.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەو، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پێشوازیی لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانێتیی سیادە كردووەو بارودۆخی سیاسییان تاوتوێ کردووە.

"هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كردەوە ئەویش لەدوای ئامادەسازییە یاساییەكان و بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان، بەرلەوەش حكوومەتێك پێکبێت كە خاوەن سەلاحیاتی تەواو و متمانە بێت و هەموو لایەك لەسەر بەرنامەكانی ڕێککەوتبن. جەختیش لە پێویستیی بەردەوامیی كاروباری ئەنجوومەنی نوێنەران هەتا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرایەوە" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

دەشڵێت "هەردوولا ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند بۆ بەشدارییەكی بنیاتنەرانە لە نزیككردنەوەی بۆچوونی هەموو لایەنەكان و هەروەها هەڵنانی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتیان بكات".

بەپێی بارەگانی بارزانی، هەر لەو دیدارەدا هاوپەیمانێتیی سەروەری و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن "بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هاوبەش" لەپێناو خزمەتكردنی بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات.

ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی پارتی و سوننەکان لەکاتێکدایە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر وەزیرەکەی سەدر گەڕانەوەی فراکسیۆنی سەدری بۆ پەرلەمان ڕەتکردەوەو تۆپەکەی هەڵدایە گۆڕەپانی پارتی و سوننەکان و داوای کشانەوەی لێکردن لە پەرلەمان لە پێناو هەڵوەشانەوەی پەرلەمان.

ساڵح موحەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر، لە تویتێكدا وتی "هەندێك لە ئازیزان هەوڵ دەدەن بە ڕێگای یاسایی كوتلەی سەدری بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، كە ئەگەرێكی تێدایە هەرچەندە لاوازە، بەڵام گەڕانەوەیان دەبێت بە بنبەستێكی تر، بۆیە ئەمە لای ئێمە بە تەواوەتی‌ و ڕەهایی قەدەغەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا بێت".

وەزیرەكەی سەدر جەختی لە خواستی ڕەوتەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کردەوەو وتی "پێویست بە گەڕانەوەی ئێمە ناكات، بەڵكوو تەنیا بە كشانەوەی هاوپەیمانە كورد و سوننەكانمان، پەرلەمان شەرعیەت لەدەست دەدات‌ و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە".

ساڵح موحەممەد عێراقی باسی لەوەش کرد كە ئاگاداری ئەو فشارە زۆرانەن كە لەسەر هاوپەیمانەكانیانە، بەڵام "قوربانیدان لەپێناو كۆتاییهێنان بە تەواوی ئازارەكانی گەل، جێگەی دەستخۆشییە".

وەزیرەكەی سەدر پێی وابوو پێویستە "سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لە سەرۆكایەتیی حكومەتی كاربەڕێكەردا بمێننەوە‌ و سەرپەرەشتیی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن، بە هاوكاریی كەسانی تر لە عێراق، یاخود لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".