پەرەگراف
بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "لە سنووری ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی، ھەندێك لایەن و كەسایەتی زیادەڕۆیی دەكەنە سەر ماف و ژیانی گشتی". جەختیش دەكاتەوە لە "گەیاندنی ڕاستییەكان وەك خۆی بۆ ڕایگشتی" لە ڕێگەی تیمی گۆڕانەوە لە ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاكە.
ئەمڕۆ شەممە ١٠-٩-٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی عومەر سەیدعەلی و مستەفا سەیدقادر و ژوورەكانی یاسایی و ڕۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ژووری حكوومەتی بزووتنەوەكە كۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی بەڕێوە بردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی گۆڕان "لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك ھەنگاوی كرداری بۆ كاراكردنی ئەركەكانی بەرپرسانی گۆڕان و بەھەندوەرگرتنی داخوازییەكانی ھاووڵاتیان" دانراوە. هەروەها جەخت كراوەتەوە لەسەر "تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان و گەیاندنی ڕاستییەكان وەك خۆی بۆ ڕایگشتی".
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كراوە "ئەو ھۆكارانە دیاری بكرێن كە بوونە مایەی پەكخستنی كاری دامەزراوەكان، كێشەكانی داھات و زەویوزار، ھەژموونی ھەندێك لایەن و كەسایەتی كە زیادەڕۆیی دەكەنە سەر ماف و ژیانی گشتی لە سنوورەكەدا".
كۆبوونەوەكە لە كاتێكدایە كە پرسی پەككەوتنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پرۆژەكانی وەبەرهێنەران و دەستگرتن بەسەر زەویوزار و موڵك و ماڵی گشتیدا لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتوو و حیزبییەوە، لە سلێمانی بووەتە جێگەی باسی میدیا و بەرپرسانیش.
لەسەر كێشەكانی سنووری ئیدارەی سلێمانی، بزووتنەوەی گۆڕان ڕووبەڕووی ڕەخنەی هاووڵاتیان بووەتەوە، بەوپێیەی پۆستی پارێزگار و چەندین پۆستی گرنگی دیكەی پەیوەندیدار بە كێشەكانی لەلایە.
گۆڕان لەگەڵ تیمەكەی لە حكوومەتی خۆجێیی سلێمانی، تاوتووێی "كێشە ئیداری و خزمەتگوزارییەكان، كەمی داھات، دەستوەردانی حیزبی لە سێكتەرەكان، كاریگەریی ئەو دۆخە لەسەر ئەدائی دامەزراوەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و زیادبوونی نیگەرانی و ناڕەزایەتییەكانی ھاووڵاتیان"ی كردووە.
لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك كەس بە تۆمەتی بەشداربوونیان لە مامەڵەی نایاسایی بە زەویوزارەوە دەستگیر كراون، باس لەوەش دەكرێت بەم نزیكانە كەسانی دیار و بەرپرسانی پشت بازرگانیی نایاسایی بە زەویوزارەوە دەستگیر دەكرێن، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێكی ڕوون و ئاشكرا لەوبارەیەوە نەنراوە و ڕانەگەیەندراوە.
هەفتەی ڕابردوویش، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی كۆبووەوە و وادەیەكی نزیكی بۆ تەواوكردنی مامەڵەی ژمارەیەك پرۆژە دیاری كردووە، سوێندی خواردووە كە "سەرجەمیان تەواو نەكەن، وەڵا دەتاننێرمەوە بۆ ماڵەوە".
سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە پەرەگرافی وت "لە كۆبوونەوەكەدا دوو جۆر پرۆژە خرانە بەردەست جێگری سەرۆكی حكوومەت، بەشێكیان پێویستیان بەوە هەبوو بە خێرایی جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەو بەشەیان یەك هەفتە مۆڵەتی دا بۆ جێبەجێكردنیان، بەشەكەی تریشیان دوو بۆ سێ هەفتە بۆ جێبەجێكردنیان دانراوە".
قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا زۆر بە توندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی وتووە كە "دەبێت لە ماوەی دیاریكراودا مامەڵەی پرۆژەكان جێبەجێ بكەن و هیچ پاساوێك نەهێننەوە".
جێگری سەرۆكی حكوومەت ڕەخنەی ئەوەی لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان گرتووە كە "بیانوو بە وەبەرهێنەرەكان دەگرن" و هۆشداریی داوە كە "لێتان قبووڵ ناكەم وەبەرهێنەران بۆ شارەكانی تر ڕاو بنێن".
بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، قوباد تاڵەبانی بە تووڕەییەوە وتوویەتی "لەم هەفتەیەدا مامەڵەی سەرجەم پڕۆژەكان تەواو نەبن، وەڵا دەتانێرمەوە ماڵەوە. 55 پڕۆژەیش لەسەر ئەم مێزەیە، دەبێت لە ماوەی كەمتر لە مانگێك ئیشكردن تێیداندا دەست پێ بكات".
سەرچاوەكە وتیشی "جێگری سەرۆكی حكوومەت جەختی كردەوە كە بەردەوامیی سستی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی سلێمانی قبووڵ ناكات و ئەوەی بە میزاج كار دەكات با بچێتەوە ماڵەوە".
سبەینێ وادە یەك هەفتەییەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو ژمارە پرۆژە تەواو دەبێت كە لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لە تەواوكردنی مامەڵەكانیان كردووەتەوە.