سەباح هەورامی: سلێمانی هەژارترین پارێزگایە لە ڕووی بوودجە و دەرمانەوە

10-09-2022 01:50

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت "سلێمانی هەژارترین پارێزگایە لە ڕووی بوودجە و بوونی دەرمانەوە". دەشڵێت "دەرمانی ساختە و قاچاغ لە بازاڕەكانی هەرێمدا هەیە، بەشێكی زۆری دەرمانیش بە ڕێككەوتنی نێوان دكتۆر و دەرمانخانەكان ساغ دەكرێتەوە بەسەر نەخۆشدا".

دكتۆر سەباح هەورامی باس لەوەش دەكات كە "بەڕێوەبەرایەتیی كوالێتی كۆنترۆڵی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی، بەرپرسە لە داخڵبوونی دەرمان، تۆماركردنی دەرمانەكان، نرخی دەرمانیش. بۆیە دەبێت ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە زوویی ئەم كێشانە چارەسەر بكات".

بۆ یەكەم جار دیداری دەرمانسازان لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت. دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لە وتەیەكدا وتی "ئەم كۆنفرانسە كە سەدیكای دەرمانسازانی كوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سەندیكای دەرمانسازانی عێراق ئەنجامی داوە، بۆ ئەوەیە ڕێگەچارەیەك بۆ كێشەكانی هاوردەكردن، كوالێتی، فرۆشتنی دەرمان و بابەتی دەرمانخانەكان بدۆزرێتەوە".

دكتۆر سەباح هەورمای وتیشی "پارێزگای سلێمانی هەژارترین پارێزگایە لە بوودجەی دەرمان‌ و بوونی دەرمان، بەڵام كۆنفرانسێكی زانستی و ئیداریی لەسەر ئاستێكی بەرز تێدا ئەنجام دەدرێت".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد كە كێشەی دەرمان لەسەر ئاستی عێراق و جیهانیش هەیە، بەڵام كێشەكە لە پارێزگای سلێمانی و هەرێمی كوردستاندا زۆر ڕوونترە.

"گومانێكی زۆر لە سەرچاوەكانی هاوردەكردنی دەرمان هەیە، بەشێك لەو دەرمانانەی دێنە ھەرێم بە ڕێگەی قاچاغ ھاوردە دەكرێن، دەرمانی تەزویر لە بازاڕدا هەیە، بەشێك لە دەرمان بە ڕێگەی نازانستی دەگوازرێنەوە، بەشێكیان بە نرخی جیاواز دەفرۆشرێن"، دكتۆر سەباح هەورامی وای وت.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەش كرد كە كێشەیەكی گەورەی دیكە ئەوەیە "بەشێكی زۆری دەرمان بە ڕێككەوتنی پزیشك ‌و دەرمانخانەكان ساغ دەكرێتەوە بەسەر نەخۆشدا، هەر ئەوەش هۆكارێكی جیاوازیی زۆری نرخی دەرمانە". ئەو شێوازە مامەڵەیەشی بە "نادروست و ناڕەوشتی لە ڕووی ئینسانی و پیشەییەوە" ناو برد .

قسەكانی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیى سلێمانی لە كاتێكدا كە دوێنێ‌ هەینی 9-9-2022، جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە تویتێكدا ڕایگەیاند "لەم نزیكانەدا، بۆ یەكەمین جار لە ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، نرخی دەرمان یەكدەخرێت و بە كوالێتی و ستاندەری جیهانی دەخرێتە بازاڕ، وەكوو وڵاتانی پێشكەوتوو".