وەزیرەکەی سەدر: بە کشانەوەی کورد و سوننەکان پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوە

08-09-2022 04:15

پەرەگراف

وەزیرەکەی سەدر گەڕانەوەی فراکسیۆنی سەدر بۆ پەرلەمان ڕەت دەکاتەوەو تۆپەکەی ھەڵدایە گۆڕەپانی کوردو سوننەکان بۆ ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دەڵێت: بە کشانەوەی ئەوان پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە.

ساڵح موحەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر، لە تویتێكی نوێدا دەڵێت "هەندێك لە ئازیزان هەوڵ دەدەن بە ڕێگای یاسایی كوتلەی سەدری بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، كە ئەگەرێكی تێدایە هەرچەندە لاوازە، بەڵام گەڕانەوەیان دەبێت بە بنبەستێكی تر، بۆیە ئەمە لای ئێمە بە تەواوەتی‌ و ڕەهایی قەدەغەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا بێت، ".

وەزیرەكەی سەدر جەخت لە خواستی ڕەوتەكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكاتەوە و دەڵێت "پێویست بە گەڕانەوەی ئێمە ناكات، بەڵكوو تەنیا بە كشانەوەی هاوپەیمانە كورد و سوننەكانمان، پەرلەمان شەرعیەت لەدەست دەدات‌ و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڵدەوەشێتەوە".

ساڵح موحەممەد عێراقی باس لەوە دەكات كە ئاگاداری ئەو فشارە زۆرانەن كە لەسەر هاوپەیمانەكانیانە، بەڵام دەشڵێت "قوربانیدان لەپێناو كۆتاییهێنان بە تەواوی ئازارەكانی گەل، جێگەی دەستخۆشییە".

"ئەوە گەلە نەك ڕەوتی سەدر، كە گۆڕینی ڕووخسارەكان ‌و دووبارە دروستكردنەوەی حكوومەتێكی گەندەڵ ڕەت دەكاتەوە، تۆپەكە لە گۆڕەپانی هاوپەیمانەكانماندایە نەك گۆڕەپانی ئێمە"، وەزیرەكەی سەدر وا دەڵێَت.

وەزیرەكەی سەدر پێی وایە پێویستە "سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران لە سەرۆكایەتیی حكومەتی كاربەڕێكەردا بمێننەوە‌ و سەرپەرەشتیی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن، بە هاوكاریی كەسانی تر لە عێراق، یاخود لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".