پەرەگراف
ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق سبەینێ ٩ مانگ بەسەر تەمەنی دەستبەکاربوونیدا تێدەپەڕێت، تائێستا تەنها ٢ یاسای دەرکردووەو ٢١٦ ملیار دینار خەرجیی هەبووە.
فەرهاد عەلادین نوسەرو توێژەری كاروباری عێراقی، لە تویتێکدا دەڵێت، لەم خولەدا پەرلەمان، 12 دانیشتنی کردووەو ٣ جار دەستووری پێشێلکردووە.
"تێكڕای خەرجی پەرلەمان ٢١٦ ملیار دینار بووە کە ١٧١ ملیاری بۆ مووچە بووە" ئەو توێژەرە وادەڵێت.
بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ماوەی ٤٠ ڕۆژە دانیشتنەكانی پەرلەمان هەڵپەسێردراوەو هێشتا هەڵپەساردن بەردەوامەو دیارنییە کەی پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە پرسێکی گەرمی گۆڕەپانی سیاسییەو بەتایبەت سەدرییەکان سوورن لەسەر ئەو داوایە.
دوێنێش دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سكاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەت كردەوە و وتی "لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە". ڕەخنەیشی لە پەرلەمان گرت كە بەردەوامە لە پێشێلكردنی ماوە دەستوورییەكان بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانی.
دادگاكە لەبارەی سكاڵاكەی ڕەوتی سەدر و ژمارەیەك سكاڵای دیكە كە سەرجەمیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان دەكرد، كۆبووەوە. دواتر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "دەسەڵاتەكانی دادگای باڵای فیدراڵی بە ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی سنووردار كراوە، كە لەناویاندا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نییە".
دادگاكە لە خاڵێكی بەیاننامەكەیدا دەڵێت "ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوای هەڵبژاردنیان، نوێنەرایەتی خۆیان و كوتلە سیاسییەكانیان ناكەن، بەڵكوو نوێنەرایەتیی گەل دەكەن، بۆیە پێویست بوو كار بۆ ئەوە بكەن كە بۆی هەڵبژێردراون، ئەویش بەرژەوەندیی گەلە، نەك ببنە هۆكارێك بۆ پەكخستنی بەرژەوەندییەكان و هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتییان و سەلامەتیی تەواوی گەل".
دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پێشێلكردنی ماوە دەستوورییەكان دەڵێت "سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لە هەمووان دەخوازێت پابەند بن بە بڕگەكانی دەستوور و پێشێلی نەكەن، هەروەها نابێت هیچ دەسەڵاتێك بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی ماوە دەستوورییەكان تا كاتێكی نادیار، چونكە ئەمە پێشێلكردنی دەستوور و داڕووخانى تەواوی پرۆسەی سیاسییە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیان".
"ئەو سزایەی كە بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەسەپێنرێت لە ئەنجامنەدانی ئەركە دەستوورییەكانی، بۆخۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەكەیە، ئەگەر پاساو بۆی هەبێت"، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وا دەڵێت.
نەسار ڕوبەیعی، ئەمینداری گشتیی ڕەوتی سەدر، سکاڵایەکى لەسەر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و موحەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كردبوو. تێیدا داواى کردبوو كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و سەرۆككۆمار ناچار بكرێت كە وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات بەپێی بڕگەی دوو لە ماددەی 64ی دەستوور.
جگە لەو سکاڵایە، پێنج سکاڵاى دیکە بۆ هەمان مەبەست لەلایەن کەسانى دیکەوە تۆمار کرابوون، کە داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەیان دەکرد.