دادگای فیدراڵی: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگاكەدا نییە

07-09-2022 03:44

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سكاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ڕەت كردەوە و دەڵێت "لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدا نییە". ڕەخنەیش لە پەرلەمان دەگرێت كە بەردەوامە لە پێشێلكردنی ماوە دەستوورییەكان بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانی.

ئەمڕۆ دادگاكە لەبارەی سكاڵاكەی ڕەوتی سەدر و ژمارەیەك سكاڵای دیكە كە سەرجەمیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان دەكرد، كۆبووەوە. دواتر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "دەسەڵاتەكانی دادگای باڵای فیدراڵی بە ماددەی (93)ی دەستوور و ماددەی (4)ی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی سنووردار كراوە، كە لەناویاندا دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان نییە".

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە دەستووری عێراق میكانیزمی دەستووریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق بەپێی بڕگەكانی ماددەی (64/یەكەم) داڕشتووە. جەختیش دەكاتەوە كە دەستوور ڕێكخستنی بڕگەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پشتگوێ‌ نەخستووە، هەر بۆیە هیچ پاساوێك نییە كە دەستوور لەم بابەتەدا پشتگوێ‌ بخرێت.

دادگاكە لە خاڵێكی بەیاننامەكەیدا دەڵێت "ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دوای هەڵبژاردنیان، نوێنەرایەتی خۆیان و كوتلە سیاسییەكانیان ناكەن، بەڵكوو نوێنەرایەتیی گەل دەكەن، بۆیە پێویست بوو كار بۆ ئەوە بكەن كە بۆی هەڵبژێردراون، ئەویش بەرژەوەندیی گەلە، نەك ببنە هۆكارێك بۆ پەكخستنی بەرژەوەندییەكان و هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتییان و سەلامەتیی تەواوی گەل".

دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پێشێلكردنی ماوە دەستوورییەكان دەڵێت "سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لە هەمووان دەخوازێت پابەند بن بە بڕگەكانی دەستوور و پێشێلی نەكەن، هەروەها نابێت هیچ دەسەڵاتێك بەردەوام بێت لە تێپەڕاندنی ماوە دەستوورییەكان تا كاتێكی نادیار، چونكە ئەمە پێشێلكردنی دەستوور و داڕووخانى تەواوی پرۆسەی سیاسییە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیان".

"ئەو سزایەی كە بەسەر ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەسەپێنرێت لە ئەنجامنەدانی ئەركە دەستوورییەكانی، بۆخۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنەكەیە، ئەگەر پاساو بۆی هەبێت"، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق وا دەڵێت.

نەسار ڕوبەیعی، ئەمینداری گشتیی ڕەوتی سەدر، سکاڵایەکى لەسەر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و موحەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كردبوو. تێیدا داواى کردبوو كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و سەرۆككۆمار ناچار بكرێت كە وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بكات بەپێی بڕگەی دوو لە ماددەی 64ی دەستوور.

جگە لەو سکاڵایە، پێنج سکاڵاى دیکە بۆ هەمان مەبەست لەلایەن کەسانى دیکەوە تۆمار کرابوون، کە داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەیان دەکرد.