پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، هیچ لارییەکیان نییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بە مەرجێک زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەك پەراوێز نەخرێت و ڕێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێك بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت.
ئەو وتانەی سەرۆکی پارتی دیموکرات ئەمڕۆ لە میانی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە سەردانێک لە هەرێمی کوردستانە.
هەڵوێستەکەی بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە کەتێکدایە، تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کەمتر لە دوو مانگی ماوەو ھێشتا دیارنییە کەی ھەڵبژاردنی کوردستان دەکرێت بەھۆی کێشەو ناکۆکی نێوان لایەنەکان کە پارتی بەشێکی سەرەکییە لە کێشەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگانی بارزانی، لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەوەی خستووەتەڕوو، سەرۆکی ئەمەریکا بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات، "هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی و جەختیشی لەوە كردەوە كە سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق، بناخەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باربارا لیڤ، داوای كردووە كە بارزانی پتر بە ڕۆڵی خۆی هەڵبستێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی بنبەستی سیاسیی عێراق.
لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە، سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و ڕێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە.
بارزانی بەپێویستی زانیوە، بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر ڕێككەوتن و پێكهاتنێك دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور بە ڕوونی و بە جددی كاری لەسەر بكرێت، "لە عێراقدا دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكترقبووڵكردن هەبێت و، نابێ هیچ لایەنێك هەوڵی سڕینەوەی لایەنی تر بدات و دەبێ ڕێز لە دەستوور بگرێت".