پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە کێ نەوتەکەی دەفرۆشێت، بەغداد یان هەولێر.
ئەو وتانەی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ لە میانی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەراست، کە تێیدا دواپێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدادیان لەسەر پرسی نەوت و گاز تاوتوێ كردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند "ئێمە كێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە كێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو كێشەی ئێمە گەرەنتیكردنی بودجەو شایستە داراییەكان و مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستانە، داواشیكرد ئەمریكا لەمبارەیەوە زیاتر هاوكاربێت لە چارەسەركردنی دەستورییانەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".
ئەوە لەکاتێکدایە گوشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر كەرتی نەوتی ھەرێم بەردەوامن و لە دواین هەڵوێستدا بەغداد ھەڕەشە لە كڕیارانی نەوتی ھەرێم دەكات كە وەك "مامەڵەكردن بە نەوتی قاچاغ" ھەژماریان دەكات. ئەم هەڵوێستە دوایین هەنگاوە لە زنجیرە هەنگاوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ھەنگاوەكانی بەغداد دوای ئەوە دێن ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمداو داوایكرد نەوتی ھەرێم بخرێتە ژێر دەستی بەغداد. حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار ئەو بڕیارەی دادگای رەتكردووەتەوە و ئامادەنییە جێبەجێی بكات.
سەردانەکەی باربارا لیڤ بۆ هەرێمی کوردستان، دوای سەردانی بەغداو کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بوو کە تێیدا پەیامی ئەمەریکای پێگەیاندوون لەبارەی ناکۆکی و ئاڵۆزییە سیاسییەکان.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، دوای گەیشتنی بۆ بەغداد بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت "بارودۆخی سیاسیی عێراق لە لێواری داڕماندایە و كێشەكان تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكرێن".
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە سەبارەت بە پێگەی ڕێبەری ڕەوتی سەدریش لە عێراقدا وتی "موقتەدا سەدر شوێنكەوتوو و هاندەرێكی زۆری هەیە، دەبێت دەنگی ئەو لەگەڵ سەركردەكانی دیكە ببیسترێن".
باربارا لیڤ جەختی كردەوە كە ئیدارەی جۆ بایدن لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی سیاسیی عێراق دەكات، سەردانی ئەویش بۆ بەغداد بۆ گەیاندنی پەیامێكە لە سەركردایەتیی ئەمەریكاوە.