شاسوار عەبدولواحید: لەم کابینەیەی حکومەتدا ٢٢ ملیار دۆلار دیار نییە

07-09-2022 12:55
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆی شاسوار عەبدولواحید. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، بەپێی ژماردنی سەرجەم داهاتەکانی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم، "زیاتر لە ٢٢ ملیار دۆلار دیارنییە".

شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەی حکومەتدا(٢٠١٩) "کۆی داهاتی هەرێم سەروو ٤٠ ملیار دۆلار بووە و تەنها ١٧ ملیار و ٩٨٠ ملیۆن دۆلاری بۆ موچە خەرجکراوە و ٢٢ ملیار دۆلاری دیار نییە و قەرزەکانی سەر هەرێمیش زیادیانکردووە".

"لەم کابینەیەدا حەوت موچەی تەواوی موچەخۆران نەدراوە و هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیجی نەکراوە، تەنانەت شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی و رێگای کەلار سلێمانی و تونێلی دەربەندیخان و چەندان پرۆژەی دیکە بە جێبەجێنەکراوەی ماونەتەوە" سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وای وت.

بە تەنزەوە وتیشی، نرخی بەنزین و نان بەرزبوونەتەوەو لێبڕینی موچە و گرانیی بازاڕ و گرانبوونی نرخی نەوت و گرنبوونی نرخی کارەبای مۆلیدە دەستکەوتە دیارەکانیانن.

شاسوار عەبدولواحید ڕەخنەی ئەوەشی گرت، لەم کابینەیەدا ئازادی تاکەکەسی تەسکتر بووەتەوە و دەستگیرکراوانی بادینانیشی بە نمونە هێنایەوە بۆ کەمیی ئازادی.