پەرەگراف
مامۆستایانی وانەبێژ بۆ ١٦یەمین جار لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران گردبوونەوە و داوای بەهەمیشەیکردنیان دەکەن. لەبرى گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و بەدەمەچوون بۆى، دوو کەس لە نوێنەر و ڕێکخەرانى گردبوونەوەکانى مامۆستایانى وانەبێژ دەستگیر کران.
مامۆستا عەلی ڕئوف، یەکێک لە نوێنەرانی دەستگیرکراوى مامۆستایانی وانەبێژ، بەر لە دەستگیرکردنى بە پەرەگرافی وت، تا ئێستا ٣٧ جار چوونەتە بەردەم پەروەردەکان و زیاتر لە ٦٠٠ یاداشتیان ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، هەموو ئەوەش بۆ یەک داوایە کە بەهەمیشەییکردنیانە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵێنێکیان پێ نەدراوە بۆ جێبەجێکردنی.
عەلى ڕەئوف وتیشی، وانەبێژان زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستان و ئەگەر ئەوان نەچنەوە بۆ دەوام، خوێندن پەکی دەکەوێت، لەبەرئەوەی لە بەشێک لە پەروەردەکان مامۆستایانی وانەبێژ لە هەمیشەیی زیاترە و نموونەی بە قوتابخانەکەی خۆی هێنایەوە کە لە ٣٦ مامۆستا ٢٥یان وانەبێژن و تەنها ١١یان هەمیشەیین.
کارزان فیزیک، کە یەکێکى دیکەیە لە نوێنەرانى دەستگیرکراوى مامۆستایانى وانەبێژ، بەر لە دەستگیرکردنى لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا جەختى کردەوە کە جگە لە دامەزراندنیان بە هەمیشەیى، بە هیچ شتێکى دیکە ڕازى نابن.
پاش چەند کاتژمێرێک گردبوونەوە لەبەردەم ئەنجوومەنى وەزیرانى هەێم، هێزێکى ئەمنى هەریەک لە کارزان فیزیک و عەلى ڕەئوف، نوێنەرانى مامۆستایانى وانەبێژى دەستگیر کرد و چەند کاتژمێرێکە چارەنووسیان نادیارە.