پەرەگراف
هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆریی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەنرێتە ماڵان، بە وتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان.
محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم، دەڵێت "مۆڵەتی پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان دراوە، بە دوو قۆناغ دەبێت، یەکێیان دروستکردنی عەمبارەکانی غازە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیە بکەن و قۆناغێکی تر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکانە".
"لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆریی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەنرێتە ماڵان، کە ئەمەش لە قازانجی هاووڵاتیانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە بۆ خۆی سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات" محەمەد شوکری وا دەڵێت.
سەبارەت بە قەبارەى وەبەرهێنان لە تەمەنى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەوە دەخاتەڕوو، ساڵی ٢٠٢١، ٢١٣ مۆڵەت و لە ساڵی ،٢٠٢٢ پەنچا مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەموو بوارەکان دراوە.
"قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە ساڵى ٢٠٢٢ زیاتر بووە لە ٦٨٦ ملیۆن دۆلار، لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمیش دەگاتە ٢٠٪ی تێکڕای پڕۆسەی وەبەرهێنانی ١٧ ساڵی ڕابردوو"، محەمد شوکری هۆکارى زۆرى ڕێژە و قەبارەى وەبەرهێنانی بۆ ئاسانکارییەکان گێڕایەوە کە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.
محەمەد شوکری، باس لەوەش دەکات، نووسینگەیەکی تایبەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوەتەوە بۆئەوەی هەندێک پڕۆژە ئامادە بکرێن و دواتر وەبەرهێنەرانی بیانی بانگهێشت بکرێن تالەسەر پڕۆژەی وەبەرهێنانی ئامادە وەبەرهێنان بکەن.
"چونکە یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە ڕۆتینێکی درێژ لەگەڵ فەرمانگەکانی حکومەت هەیە، زۆر هەوڵمان داوە ئەو ڕۆتینە لە ڕێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان کەم بکەینەوە، بەڵام هێشتا ماویەتی".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت "ئومێدمان وایە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بە چەندین پڕۆفایلی ئامادەکراو بچینە ناو پڕۆسەی وەبەرهێنانەوە و لە ئێستاشدا لینک و کۆنتاکتمان لەگەڵ چەندین کۆمپانیا هەیە کە ئارەزوو دەکەن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، ئێمەش ئەوەمان دەوێت تا قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ببێت".