ئەمریكا: تەنها گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر دەكات و دەبێت دەنگی سەدریش ببیسترێت

05-09-2022 09:00

پەرەگراف
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە بەغدایەو هۆشداریی لە داڕمانی دۆخی سیاسی دەدات و دەڵێت: پەیامی سەركردایەتی ئەمەریكای پێیە بۆ لایەنەكان.

باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت "بارودۆخی سیاسیی عێراق لە لێواری داڕماندایە و كێشەكان تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر دەكرێن".

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە سەبارەت بە پێگەی ڕێبەری ڕەوتی سەدریش لە عێراقدا وتوویەتی "موقتەدا سەدر شوێنكەوتوو و هاندەرێكی زۆری هەیە، دەبێت دەنگی ئەو لەگەڵ سەركردەكانی دیكە ببیسترێن".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی كردەوە كە ئیدارەی جۆ بایدن لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی سیاسیی عێراق دەكات، سەردانی ئەویش بۆ بەغداد بۆ گەیاندنی پەیامێكە لە سەركردایەتیی ئەمەریكاوە.

هاتنی بەرپرسە ئەمەریكییەكە لە كاتێكدایە كە دۆخی سیاسیی عێراق كەمێك هێور بووەتەوە، بەڵام هێشتا گرێكوێرە سیاسییەكان نەكراونەتەوە. ئەمڕۆیش كۆبوونەوەیەكی دیكەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق و سەركردەی لایەنەكان بە ئامادەبوونی نوێنەری سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوە چوو.

لایەنەكانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە، جارێكی دیكە داوایان لە سەدر كرد بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەشدار بێت لە كۆبوونەوە هونەری و سیاسییەكان و گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناكۆكەكان بە مەبەستی گەیشتنە ڕێكەوتن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی مستەفا كازمی لەبارەی كۆبوونەوەكە، بەشداربووان ڕێكەوتن لەسەر دروستكردنی لیژنەیەكی هونەری كە نوێنەری سەرجەم لایەنەكانی تێدا بێت، بۆ دانانی نەخشەڕێگای چارەسەری نیشتمانی و نزیككردنەوەی تێڕوانینەكان بۆ گەیشتن بە ھەڵبژاردنی پێشوەختە و ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و پێداچوونەوە بە كۆمسیۆن.