سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردەی لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە

05-09-2022 04:56
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتییەکان و لایەنە عێراقییەکان.

پەرەگراف

کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرکردەی لایەنەکان بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، لایەنەکان داوا لە سەدر دەکەن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆو ڕێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی مستەفا کازمی لەبارەی کۆبوونەوەکە، بەشداربووان ڕێکەوتن لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هونەریی کە نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی تێدابێت، بۆ دانانی نەخشە ڕێگای چارەسەری نیشتمانی و نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان بۆ گەیشتن بە ھەڵبژاردنی پێشوەختەو ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و پێداچونەوە بە کۆمسیۆن.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە داوا لە ڕەوتی سەدر دەکەن بەشداربێت لە کۆبونەوە هونەری و سیاسییەکان و گفتوگۆ لەسەر خاڵە ناکۆکەکان بە مەبەستی گەیشتنە ڕێکەوتن.

کۆبوونەوەکە بەبێ ئامادەبوونی ڕەوتی سەدر بەڕێوەچوو، کورسیی نوێنەری سەدرییەکان بە بەتاڵی دانرابوو.

موقتەدا سەدر وازهێنانی لە سیاسەت ڕاگەیاندووەو دەرگای بەڕووی هەموو ئەوانەدا داخستووە کە دەیانەوێت بیگەڕێننەوە بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی و سەر مێزی گفتوگۆ.