ئەو كۆچبەرە كوردانەی یەختەكەیان لە كار كەوتبوو، ڕزگار كران

26-08-2022 10:05
وێنەی كۆچبەرەكان لەو كاتەی یەختەكەیان لە كار كەوتبوو

پەرەگراف

پاش زیاتر لە 24 كاتژمێر لە پەككەوتنی یەختەكەیان، پۆلیسی یۆنان ئەو كۆچبەرانەی ڕزگار كرد كە لە ئاوەكانی ئەو وڵاتەدا ژیانیان لە مەترسیدا بوو.

كۆچبەرەكان ئەمشەو چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاو كردەوە كە تێدا دەردەكەوێت پۆلیسی یۆنان بەدەمیانەوە ڕۆیشتووە و خۆچبەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە خۆراك و پێداویستیی سەرەتاییشیان پێ‌ دراوە.

نزیكەی 80 كۆچبەر كە زۆرینەیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، یەختەكەیان لە ئێوارەی پێنجشەممەوە لەناو ئاوەكانی یۆناندا لە كار كەوتبوو و ژیانیان لە مەترسیدای بوو.

ئەو كۆچبەرانە زنجیرەیەك گرتەی ڤیدیۆییان سەبارەت بە بارودۆخی خۆیان لە ڕێگەی ڕێكخراوەكان و چالاكانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردەوە و داوای هاوكارییان كرد.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، ژمارەی كۆچبەرەكان نزیكەی 80 كەسە و نزیكەی 70 كەسیان خەڵكی شاری سەردەشتی سەر بە پارزێگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

ئەو كۆچبەرانە پێشتر لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی وتیان دەڵێن "لە ئاوەكانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا گیرمان خواردووە و قاچاخچییەكان هەڵاتوون. هیچ كەسێك نییە بەفریامان بێت".

وتیشیان "منداڵی یەك ساڵ و دوو ساڵمان لەگەڵدایە، ئەگەر فریامان نەكەون دەخنكێین".

لە سەرتادا پۆلیسی یۆنان چاودێریی یەختەكەیانی دەكرد و بەدەمیانەوە نەدەچوو، هەر بۆیە كۆچبەرەكان بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەر پۆلیسی یۆنان، ژمارەیەكیان خۆیان هەڵدایە دەریاكەوە و دەستیان بە مەلەكردن كرد.