پەرەگراف
نزیكەی 80 كۆچبەری كورد كە زۆرینەیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، یەختەكەیان لەناو ئاوەكانی یۆناندا لە كار كەوتووە و ژیانیان لە مەترسیدایە. ئەو كۆچبەرانە بە هاوار و گریانەوە داوای بەهاناوەچوون دەكەن.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە و كۆچبەرەكان خۆیان تۆماریان كردووە، بەدەم گریانەوە دەڵێن "تكا دەكەین بەفریامان بكەون".
ئەو كۆچبەرانە كە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە یەختەكەیان لە كار كەوتووە، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاو كردووەتەوە و باس لە بارودۆخی سەختی خۆیان دەكەن. زۆرینەیان گەنج و بەشێكیشیان ژن و منداڵن.
ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، ژمارەی كۆچبەرەكان نزیكەی 80 كەسە و نزیكەی 70 كەسیان خەڵكی شاری سەردەشتی سەر بە پارزێگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.
ئەو كۆچبەرانە لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دیكەدا دەڵێن "لە ئاوەكانی نێوان یۆنان و ئیتاڵیادا گیرمان خواردووە و قاچاخچییەكان هەڵاتوون. هیچ كەسێك نییە بەفریامان بێت".
ئەوان دەڵێن "منداڵی یەك ساڵ و دوو ساڵمان لەگەڵدایە، ئەگەر فریامان نەكەون دەخنكێین".
هەرچەندە لە گرتەیەكی ڤیدۆییدا دەردەكەوێت كە پۆلیسی یۆنان لە كۆچبەرەكان نزیك بووەتەوە، بەڵام كۆچبەرێكیان دەڵێت "هەر بەدەورماندا دەسوڕێتەوە".
لە لایەكی دیكەوە بەردەوام كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان بەو یەختە مەترسیدارانە و پاش نزیكەی یەك هەفتە مانەوە لە دەریادا، خۆیان دەگەیەننە ئیتاڵیا.
تەنیا لەم مانگەدا دەیان یەختی كۆچبەران گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و كۆچبەرانی كوردیش چەندین گرتەی ڤیدیۆیی گەیشتنی خۆیان بە كەناراوەكانی ئیتاڵیا بڵاو كردووەتەوە.