لە هەولێر ژمارەیەك چەكدار تۆمەتبارێك لە دەستی پۆلیس دەڕفێنن

25-08-2022 11:16

پەرەگراف - فەرمان سادق

دوو ئۆتۆمبێل كە ژمارەیەك چەكداریان تێدا بووە، تۆمەتبارێك لە دەستی پۆلیسی عەنكاوە دەڕفێنن و هەڵدێن، تا ئێستا تۆمەتبارەكە و ڕفێنەركانیش دەستگیر نەكراون، ئەمە بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار و بەدواداچوونەكانی پەرەگراف بۆ ڕووداوەكە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پۆلیسی عەنكاوە بە پەرەگرافـی ڕاگەیاند "نزیكی كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مەفرەزەیەكی پۆلیسی عەنكاوە لە كاتی بردنەوەی سێ تۆمەتبار بۆ گرتووخانەی تەوقیفی پۆلیس كە دەكەوێتە سەر ڕێگای هەولێر - گوێر، هێرشیان دەكرێتە سەر و تۆمەتبارێك دەڕفێندرێت".

بەپێی سەرچاوەكە، ڕووداوەكە بەو شێوەیە بووە كە دوای بردنی ئەو تۆمەتبارانە بۆ بەردەم دادوەری كەتن لە عەنكاوە، لە كاتی گەڕاندنەوەیان بۆ گرتووخانە "هەر لە عەنكاوە لادەدەن بۆ چێشتخانەی سلێمان و كەباب بۆ یەكێك لە تۆمەتبارەكان دەكڕن، تەنانەت ئەو تۆمەتبارە بە مۆبایلی یەكێك لە پۆلیسەكان قسەی لەگەڵ كەسێك كردووە".

هەڵاتنی تۆمەتبارەكە لەبەردەم چێشتخانەی سلێمان لە عەنكاوە ڕووی داوە، كە نزیكە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەنكاوە و دادگای عەنكاوە. زانیارییەكانی دەست پەرەگراف كەوتووە، ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی بۆ ڕفاندنی تۆمەتبارەكە بەكار هێنراون، یەكێكان بێ تابلۆ بووە و ئەركی چاودێری بووە، ئەوەی تریش بەگوێرەی بەدواداچوونی پۆلیسی هاتوچۆ تابلۆكەی ساختە بووە.

ئۆتۆمبێلە تابلۆ ساختەكە لە جۆری تۆیۆتا كۆرۆلا (بیكاشۆ) بووە، چوار چەكداری تێدا بووە، لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەكەی پۆلیس وەستاوە، چەكدارەكان دەرگای ئۆتۆمبێلەكەی پۆلیسیان كردووەتەوە و تۆمەتبارەكەیان ڕفاندووە. دوای ڕفاندنەكە، یەكێك لە پۆلیسەكان تەقەی هەوایی كردووە.

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە چەكدارەكان مۆبایلی یەكێك لە پۆلیسەكانیشیان بردووە و دواتر شكاندوویانە، لە نزیك كارگەی ئایس كینگ فڕێیان داوە كە دەكەوێتە سەر ڕێگای كۆنی عەنكاوە - بەحركە.

لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە پێكهێنراوە و كامێراكانی ناوچەكەش سەیر كراونەتەوە.

بەگوێرەی كامێراكانی چاودێری كە پۆلیس سەیری كردوونەتەوە، تیۆتا كۆرۆلاكە بە شەقامی ١٥٠ مەتریدا دەڕوات، پۆلیسیش لەسەر ڕێگای هەولێر - كۆیە مەفرەزە دادەنێت، بەڵام نەتوانراوە تۆمەتباری هەڵاتوو دەستگیر بكرێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، "مەفرەزەكەی پۆلیس تەنیا دوو پۆلیس و شۆفێرێك بوون و ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڕاڤ فۆڕیان پێ‌ بووە، هەر ئەو مەفرەزەیەش سێ تۆمەتبارەكەیان لە گرتووخانەوە بردووەتە بەردەم دادوەر".

لەسەر ئەو ڕووداوە هەرسێ پۆلیسەكە دەستگیر كراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.

پەیامنێری پەرەگراف بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە، پەیوەندیی بە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە كرد، ناوبراو بێئاگایی خۆی لە وەها ڕووداوێك دەربڕی.