عێراق ھەڕشە لە كڕیارانی نەوتی ھەرێم دەكات

25-08-2022 09:26

پەرەگراف

گوشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر كەرتی نەوتی ھەرێم بەردەوامن و لە ھەنگاوێكی نوێدا بەغداد ھەڕەشە لە كڕیارانی نەوتی ھەرێم دەكات كە وەك "مامەڵەكردن بە نەوتی قاچاغ" ھەژماریان دەكات.

بەپێی ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت، لە نووسراوێكدا كە ٢٣ی ئەم مانگە ئاڕاستەی بازرگانان و كڕیارانی نەوت كراوە، عەلا یاسری بەرپرسی كۆمپانیای سۆمۆی عێراق، ھۆشداریی دەدات كە پلانیان ھەیە ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر لە دژی لایەنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی ڕێگریكردن لە باركردنی هەموو بارێكی نایاسایی كە لە عێراقەوە هاتبێت، "لەناویشیاندا بارەكانی هەرێمی كوردستان".

ئەم هەڵوێستە دوایین هەنگاوە لە زنجیرە هەنگاوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.

ھەنگاوەكان دوای ئەوە دێن ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەمداو داوایكرد نەوتی ھەرێم بخرێتە ژێر دەستی بەغداد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار ئەو بڕیارەی رەتكردووەتەوە و ئامادەنییە جێبەجێی بكات.

لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی گرتەبەر، لەوانەش ھۆشداریدان بە كۆمپانیا جیھانییەكان و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژی چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی خزمەتگوزاریی نەوت كە لە ھەرێم كاردەكەن.