پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی 30ی ئەم مانگەی بۆ كۆبوونەوە لەبارەی سكاڵاكەی ڕەوتی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاری كرد. جگە لە سكاڵاكەی ڕەوتی سەدر، پێنج سكاڵای دیكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمار كراوە.
بەپێی خشتەیەك كە لە ماڵپەڕی فەرمیی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڵاو كراوەتەوە، ڕۆژی 30-8-2022 دانیشتنی دادگا لەسەر سكاڵاكەی نەسار ڕوبەیعی، ئەمینداری گشتیی ڕەوتی سەدر، بەڕێوە دەچێت، كە یەكەم دانیشتی دادگاكەیە لەو ڕۆژەدا.
سكاڵاكە لەسەر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و موحەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كراوە. هەروەها تێیدا داوا كراوە كە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و سەرۆككۆمار ناچار بكرێت كە وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دیاری بكات بەپێی بڕگەی دوو لە ماددەی 64ی دەستوور.
ماڵپەڕی فەرمیی دادگای باڵای فدیراڵی شەش سكاڵای دیكەیشی لە هەمان ڕۆژدا داناوە كە پەیوەندییان بە دۆخی سیاسیی چەقبەستووی عێراقەوە هەیە، پێنجیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كردووە.