پەرەگراف
وەزیرەكەی سەدر ڕەخنە لە پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆكایەتییەكان و حیزبەكان و دۆخی خزمەتگوزاری لە عێراق دەگرێت و دەشڵێت "ھەڕەشە لە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر دەكرێت و وەزیرەكانیش لە نێوان گەندەڵی و نەبوونی دەسەڵاتدا گیریان خواردووە".
محەمەد ساڵح عێراقی كە بە وەزیرەكەی موقتەدا سەدر ناسراوە، لە تویتێكی نوێدا نووسیوویەتی "ئەنجوومەنی نوێنەران سوێندی یاسایی نەبردووەتە سەر و ئەركی خۆی بەجێ نەگەیاندووە، هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەن حیزبیین و كار بۆ پەرژەوەندیی حیزبەكانیان دەكەن، ھاوكات ژمارەیەك لایەنیش ئەندامە سەربەخۆكان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار دەھێنن".
بە قسەی وەزیرەكەی سەدر "ھەڕەشەكردن لە سەرۆكوەزیران كە بە كاربەڕێكەر وەسفی دەكەن، زیادی كردووە". وەكوو ئەویش دەڵێت "سەرۆكوەزیران بەھۆی نەبوونی بوودجەوە ناتوانێت بە دروستی ئەركەكەی جێبەجێ بكات، ھەروەھا وەزیرانی كابینەكەی لە نێوان گەندەڵی و نەبوونی دەسەڵاتدا بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان، گیریان خواردووە".
لەبارەی دۆخی سیاسی و خزمەتگوزارییەوە، وەزیرەكەی سەدر پێی وایە "ئاسایش، پەیوەندیی دیبلۆماسیی هاوسەنگ، سەربەخۆیی، تەندروستی، پەروەردە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، كار، ڕێگا، پرد، گەشتی ئاسمانی، داد" هیچكامیان بوونیان نییە و "برسێتی و وشكەساڵی لە وڵات بڵاوبووەتەوە".
ساڵح موحەممەد عێراقی ڕەخنە لە دادگاكان دەگرێت و دەڵێت "بەهۆی ترس بێت یان تەماحەوە، لێپرسینەوەیان لە گەندەڵكاران پشتگوێ خستووە، وێڕای ھەبوونی بەڵگە و تۆمارە ڤیدیۆیی دەنگییە دزەپێكراوەكان"، لە كاتێكدا بە قسەی ئەو "دادگا، كوڕێكی هەرزەكاری لەسەر دزینی (كلێنیكس) دەستگیر كردووە!".
"چ چاوەڕوانییەك لە یاسایەك دەكرێت كە بەسەر منداڵ و هەژاراندا جێبەجێ دەكرێت و بەسەر گەندەڵ و پاشكۆ و میلیشیاكان جێبەجێ ناكرێت؟"، وەزیرەكەی سەدر وا دەڵێت.
هاوكات ساڵح موحەممەد عێراقی، بەرهەم ساڵحی سەرۆككۆماری عێراق بە "بێ دەسەڵات" ناو دەبات.
وەزیرەكەی موقتەدا سەدر هێرشی توند دەكاتە سەر حیزبەكان و بە "شەلاتی" ناویان دەبات، دەڵێت "كۆمەڵێك حیزب كە جگە لە بەهێزكردنی هەژموونیان، هیچ خەمێكی دیكەیان نییە، دوورن لە خۆشەویستیی نیشتمان و بێئاگان لە خەمی گەل، تەنانەت ئەو گەلەی چەپڵەیان بۆ لێدان و دەنگیان پێ دان، نە چاكە و نە چاكسازییان لێ چاوەڕێ ناكرێت، هەرگیز نە سزای ئەندامەكانیان داوە و نە سزاشیان دەدەن. ئەمانە پێكهاتەكانی دەسەڵات (شەلاتین)، باشە چۆن دەیانەوێت خەڵك ڕێزیان لێ بگرێت؟"
"ئەوان دەیانەوێت حكومەتێك پێك بهێنن، تاوەكوو ئەو بەشەی كە لە عێراق ماوە، ئەویش بفرۆشن و بەشەكەی دیكەش لە سامان و خێروبێرەكەی تاڵان بكەن و تاوەكو ئەوانەش ملكەچ بكەن، كە تا ئێستا ملكەچیان نەبوون"، وەزیری سەدر وا دەڵێت.