عەقید شیلان عوسمان: مۆڵەتی نوێی شۆفێری لە 84 وڵات كاری پێ‌ دەكرێت

24-08-2022 09:11
عەقید شیلان عوسمان مەجید، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی

پەرەگراف - هەردی عوسمان

مۆڵەتی نوێی شۆفێری لە هەولێر و دهۆك خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە سلێمانی چەند هەفتەیەكی دیكە سەرپێ‌ دەخرێت. مۆڵەتەكە لە 84 وڵات كاری پێ‌ دەكرێت و تێچووەكەی 50 هەزار دینارە.

عەقید شیلان عوسمان مەجید، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "مۆڵەتی شۆفێری هەموو پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، بەڵام لە هەولێر و دهۆك پێشكەوت، لە دوو هەفتەی داهاتوودا لە سلێمانییش دەكەوێتە كار".

بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆی سلێمانی ئەوەی خستە ڕوو كە سیستەمە نوێكە پێویستی بە ئامادەكاری هەیە و لە ئێستادا سەرقاڵی ڕێكخستنی شوێن و كەلوپەلەكان و ڕاهێنانی كارمەندانن بۆ جێبەجێكردنی.

"لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شوێنەكان چاك دەكرێن و بە نێتۆرك پێكەوە دەبەسترێنەوە، كارمەندانیش پێویستیان بە هەفتەیەك ڕاهێنان لەسەر سیستەمە نوێیەكە دەبێت، چونكە شێوازی فۆرمەكانی دەرهێنانی مۆڵەت و نوێكردنەوە و ونبوون جیاوازن و ڕاهێنانیان دەوێت بۆ ئەوەی هاووڵاتی دوانەخرێت"، عەقید شیلان عوسمان مەجید بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد ئەم بۆ سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی كردووە و "بەپێی ڕێككەوتننامەی ڤییەنایش، شۆفێر دەتوانێت بەو مۆڵەتە لە ٨٤ وڵات ئۆتۆمبیل لێ بخوڕێت".

بەپێی قسەی عەقید شیلان عوسمان "تێچووی دەركردنی مۆڵەتەكە ٥٠ هەزار دینارە"، كە مەبەست لەوە تەنیا ئەو پارەیە لە كاتی وەرگرتنەوەی مۆڵەتەكە لە شۆفێر وەردەگیرێت، كە پێشتر 40 هەزار دینار بوو.

سەبارەت بە شێوازی دەرهێنانی مۆڵەتەكە، ناوبراو وتی "دەبێت هاووڵاتی لەبەردەم ئەفسەرەكە ئامادە بێت و لەو شوێنەدا وێنەی دەگیرێت، هەروەها بەسمەی دەست و چاوی وەردەگیرێت بەشێوەی ئەلیكترۆنی".

"جیاوازییەكی ئەم مۆڵەتە لەگەڵ مۆڵەتەكانی پێشوو ئەوەیە كە هاووڵاتی دەبوو پێنج جۆر مۆڵەت بۆ ماتۆڕسكیل و تایبەت و گشتی و ئینشائی و كشتوكاڵی دەربهێنێت، بەڵام ئەم مۆڵەتە نوێیە فیئاتەكانی لەسەر دیاری كراوە و شۆفێرێك لەبری پێنج كارتی جیاواز، تەنها یەك كارتی پێیە و جۆرەكانی لە پشتی مۆڵەتەكە بۆ دیاری كراوە"، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆی سلێمانی بۆ پەرەگراف وای وت.

هەروەها ئاماژەی بە تایبەتمەندییەكی دیكەی مۆڵەتە نوێیەكە كرد و وتی "سوودی ئەم سیستەمە ئەوەیە هەموو هاووڵاتییەك ڕەقەمێكی مروری هەیە كە هەموو زانیارییەكانی داخڵ كراوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێكیش بكڕیت، هەمان زانیاری بەكار دەهێنرێت".

ئەو كەسانەی كە مۆڵەتیان هەیە، بۆ گۆڕینی جۆری مۆڵەتەكەیان پێویستیان بە ترایی و پشكنین نییە، بەڵكو ڕاستەوخۆ بەپێی مۆڵەتەكەی خۆی مۆڵەتی نوێی پێ‌ دەدرێت.

بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە هاتوچۆی سلێمانی بۆ پەرەگراف دەڵێت "لە داهاتوودا ساڵانەی ئۆتۆمبێلیش دەبێت بەم سیستەمە و هەشت مانگی تر و لە ساڵی نوێدا ساڵانەی ئۆتۆمبیلیش كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام ئەوەیان زۆری دەوێت و كارێكی قورسترە".