پەرەگراف
ئەژی ئەمین وەكوو "یاریدەدەری مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم" خۆی ناساند و جەخت لە مانەوەی لەسەر پۆستی پێشوویشی دەكاتەوە كە "سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری"یە.
هەژماری فەرمیی ئەژی ئەمین لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە كە ئەمڕۆ ناوبراو وەكوو "یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، بە ئامادەبوونی حاكم والی، جێگری سەرۆكی ئاژانس، پێشوازیی لە نوێنەرانی كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی كردووە".
لە كۆبوونەوەكەدا كە زیندانیانی سیاسی بۆ چارەسەری كێشەكانیان چوون، ئەژی ئەمین وتوویەتی "لە ئێستادا مۆدێلێك لە حیزبایەتی و حوكمڕانی هاتووەتە كایەوە كە ڕۆڵ و پێگەی خەباتگێڕان و گەلەكەشمان لەبەرچاو ناگیرێت و هیچ كەس لە تێكۆشەران و ڕەمزەكانی نیشتمان ناناسێتەوە".
خۆناساندنی ئەژی ئەمین وەكوو جێگری مەسرور بارزانیی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایش و جەخت كردنەوە لە پۆستی پێشوویشی، لە كاتێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر یەكێتی ڕایگەیاند ئەژی ئەمین بە فەرمانی هەرێمی لە پۆستەكەی دووخراوەتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە كە فەرمانێكی هەرێمیی لەو شێوەیە دەرچووبێت.
پاش ئەوەی كە بەهۆی كێشەكانی نێوانیان كە تا ئێستا ڕوون نییە لەسەر چین، ئەژی ئەمین لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لە پۆستەكەی دووخرایەوە، ناوبراو چووە هەولێر.
لە ماوەی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی هێرشی توندی كردە سەر ئەژی ئەمین و ڕایشیگەیاند كە "هیچ پۆستێكی نەماوە و ڕۆیشتووە". وتیشی "وابزانم لەناو پارتیدایە".