وەزیرەكەی سەدر: لووتی گەندەڵكارانمان شكاند

24-08-2022 02:50

پەرەگراف

وەزیری سەدر هەڕەشەی "هەنگاوی چاوەڕواننەكراوی تر" دەكات و ڕوو لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت "گومانتان دەبرد خۆپیشاندەران بچنە ناو ئەنجوومەنی دادوەرییەوە و دەستیان بە دۆسییەكانتان بگات و بەبێ جیاوازی ئابڕووی هەمووتان ببەن".

پاش ئەوەی ڕۆیشتنی لایەنگرانی سەدر بۆ بەردەم ئەنجوومەنی داوەریی عێراق كاردانەوەی زۆری بەدوادا هات و ئەو هەنگاوەی سەدریش كورتخایەن بوو و هەر زوو فەرمانی بە كشانەوە كرد، وەزیرەكەی سەدر دەڵێت "ئەم هەنگاوەمان سەركەوتوو بووبێت یان نا، ئەوە دەگەیەنێت كە هەنگاوی چاوەڕواننەكراوی تر دەنێین ئەگەر گەل بڕیار بدات".

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر، لە نوێترین پەیامدا دەربارەی خۆپیشاندانەكانی بەردەم ئەنجوومەنی دادوەری، ڕوو لە نەیارە سیاسییەكانی ڕەوتەكەی دەڵێت "دەترسان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پەنا بۆ ئاشكراكردنی دۆسییەی گەندەڵیتان ببات.

ساڵح محەمەد عێراقی پەیامێكی چەند خاڵیی بڵاو كردووەتەوە كە لە خاڵێكیاندا هاتووە "چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەنجوومەنی دادوەری بە تاكە بەرگریكاری خۆی دەزانێت، بۆیە ئەگەر مانگرتنەكە بەردەوام بوایە، هیچ ئایندەیەكیان نەدەبوو، حكومەتیشیان بۆ پێك نەدەهات".

وەزیرەكەی سەدر ئەم جارە ناوی ئەمریكایشی خستووەتە ڕیزی نەیارەكانی ڕووخانی سیستەمی سیاسیی عێراق و دەڵێت "ڕووخانی ئەم سیستەمەی ئێستا بە دڵی هەندێك و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریكا نییە".

ساڵح محەمەد عێراقی ئاماژەی بەوە كردووە كە نەیارەكانی ڕەوتەكەی "دەسەڵاتی دادوەری بە سەر دەزانن، كەوتنی سەریش بە واتای كەوتنی ئەوانەی خوارەوەیە". دەشڵێت "داواكاری بۆ لابردنی فایەق زێدان (سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری) زۆر نیگەرانیان دەكات، چونكە پشتیوانی گەورەی چوارچێوەیە".

سەبارەت بە دەرەنجامەكانی خۆپیشاندانەكەی بەردەم ئەنجوومەنی دادوەریی عێراقیش، وەزیرەكەی سەدر دەڵێت "گومان دەبەین كە هەندێك دۆسییەی گەندەڵی ئاشكرا بكەن، تا ڕێگری لە خۆپیشاندانی تر بكرێت".

ساڵح محەمەد عێراقی پێیشی وایە بەو داواكارییەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ئاراستەی لایەنەكانیان كردووە، فشاری نێودەوڵەتییان نەهێشتووە.

سەبارەت بە دەرچوونی فەرمانی گرتن بۆ چەند سەركردەیەكی ڕەوتی سەدریش ڕایگەیاندووە "ئەگەر فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەندێ لە چاكەخوازان دەربچێت و هیچ فەرمانێكی هاوشێوە بۆ لایەنی بەرانبەر دەرنەچێت، دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنیی خۆی لەدەست دەدات".

وەزیرەكەی سەدر ڕاگرتنی كاری دادگاكان بە "نادەستووری" ناو دەبات، لە كاتێكدا كە بە قسەی ئەو "خۆپیشاندانەكان ئاشتییانە بوون".

لە كۆتاییشدا دەڵێت "لووتی گەندەڵكارانمان شكاند".