ئاسایش: ١٧ تیرۆریست دەستگیر كران كە پیلانی تیرۆركردنی مامۆستای ئایینی و بەرپرسی باڵای پێشمەرگەیان دانابوو
پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی "١٧ تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش"ی ڕاگەیاند و دەڵێت "گرووپێكیان كە حەوت تیرۆریستن، پیلانیان بۆ تیرۆركردنی مامۆستا فاتیح شارستێنیی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم ڕزگار حەمەساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگە و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەكی حیزبی دانابوو".
ئاسایش دەڵێت "تیرۆریستەكان لە سەربنەمای زانیاریی ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، لە چەند ھەڵمەتێكی جیادا لە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەكیە و باریكە دەستگیر كراون".
دەقی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی:
١٧ تیرۆریستی شانەی نەنوستووی داعش لەلایەن ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بەدەزگای ئاسایشی ھەرێمەوە دەستگیكران كەدوانیان ژنن .
تیرۆریستەكان لە سەربنەمای زانیاری ھەواڵگری و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە ، لەچەند ھەڵمەتێكی جیادا لە سلێمانی ، چەمچەماڵ ، تەكیە ، باریكە دەستگیركراون .
مەفرەزەی یەكەمی تیرۆریستە دەستگیراوەكان كە پیلانیان دانابوو چەند ئەفسەرێكی باڵا لەھێزی پێشمەرگەو چەند مامۆستایەكی دیاری ئاینی تیرۆر بكەن .
گروپەكە پێكھاتوون لە (٧) حەوت تیرۆریست كە لەڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەونە ژێر كاریگەری فكری توندڕەوی داعش و بانگەشە بۆ بڵاوكردنەوەی كاروچالاكییەكانی تیرۆریستان دەكەن و دوای خۆڕێكخستنیان ، سەرەتا پیلان دادەنێن بۆ تیرۆركردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و عەمید سەردار و موقەدەم رزگار حەمەساڵح و بابان تەھا لە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەقاندنەوەی چەند بارەگایەكی حزبی .
دوای بەدەستھێنانی بەڵگەی دروست و سەلمێنراو و زانیاری لەسەریان، كەپیلانی تەواویان داڕشتووە بۆ جێبەجێكردنی تیرۆركردنی ژمارەیەك مامۆستا و زانای ئاینی كە داعش تەكفیریان كردوون و لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش كە بەشداربوون لە شەڕی رووبەروبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تا ترس و دڵەڕاوكێ بڵاوبكەنەوە. پاش رەزامەندی بەڕێز دادوەر ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی ئەندامانی مەفرەزە و گروپەكان دەستیپێكرد.
رۆژی ١٤ ی ئابی ٢٠٢٢ لەناوبازاڕی سلێمانی لەئەسحابەسپی تیرۆریستی ھەرە تاوانبار (ئاكام بەھادین) ناسراو بە ئاكام كوردی لەگەڵ چەند تۆمەتبارێكی تر كە پیلانی تیرۆركردنی مامۆستا فاتیح شارستێنی بانگخواز و ژمارەیەك ئەفسەر و پێشمەرگە دادەنێن و ناوبازاڕی سلێمانی و ئەسحابەسپی دەستنیشاندەكەن بۆ وەرگرتنی پارەو چەك و ئەنجامدانی چالاكییەك تا بەھۆی قەرەباڵغییەوە بتوان مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن و ھەڵبێن .
ئەم تیرۆریستانە دەخرێتەژێرچاودێری و لەكاتی ھەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی چەك و پارەكە و جێبەجێكردنی چالاكییەكەیان ھێزەكانمان جوڵەیان پێدەكرێت بۆ دەستگیركردنیان لەو كاتەدا لەئەسحابەسپی ، تیرۆریستان رووبەڕووی ھێزەكانمان دەبنەوەو تەقەكردن روودەدات و ئاكام بەھادین و تۆمەتبارێكی تر دەستگیردەكرێن و ژمارەیەك تیرۆریستیی تریش ھەڵدێن كە بەداخەوە بەھۆی ئەم رووداوەوە ھاووڵاتی ئەحمەد شەوكەت كە لەخێزانێكی دڵسۆزو خەباتگێڕن شەھید بوو .
پاشان لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوەو تیرۆریستانی تر لەھەمان مەفرەزە لەچەند ئۆپراسیۆن و ھەڵەمەتێكدا دەستگیركران .
- تیرۆریست (محەمەد ئیبراھیم) ناسراو بە ئەبو جولەیبیب شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا.
- تیرۆریست (رێبین سادق) شەوی ١٦ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا.
- تیرۆریست (فریشتە حاتەم) رەگەزی ژن شەوی ١٨ / ١٩ ئابی ٢٠٢٢ لە باریكە دەستگیركرا .
- تیرۆریست (شیفا محەمەد) ناسراو بەجیھاد كوردی رەگەز ژن شەوی ١٨ / ١٩ ی ئابی ٢٠٢٢
لە باریكە دەستگیركرا .
- تیرۆریست ( شادمان مەحمود ) شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا
- تیرۆریست (ڕێبەر ئەحمەد) ناسراو بە ئەبو دوگمە شەوی ١٩ / ٢٠ ئابی ٢٠٢٢ لە سلێمانی دەستگیركرا .
مەفرەزەی دووھەم گروپی چەمچەماڵ و تەكیە . ناوی تیرۆریستان و زانیاری لەسەر ئەندامانی گروپەكە و كردەوە تاوانكارییەكانیان:
ھاوكات ھێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەربەدەزگای ئاسایشی ھەرێم ، لەھەمان كاتدا جوڵەو مەرامەكانی مەفرەزەو تاقمێكی تری تیرۆریستی لە تەكیە و چەمچەماڵ دەخەنە ژێرچاودێری ورد كە پەیوەندیان لەگەڵ گروپەكەی سلێمانی دا ھەبوو و وەك شانەی نەنستووی داعش لەچالاكیدان . دوای بەدەستخستنی زانیاری دروست و ئاشكرابوونی پیلانەكانیان خرانە ژێرچاودێری شەوی ١٧ / ١٨ لەچەمچەماڵ لەكاتی ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگایەك بۆھیجرەتكردنیان بۆ ناو تیرۆریستانی داعش پێنج (٥) لە ئەندامەكانیان بەھاوكاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیركران كەدانیشتووی تەكیەن دانیان بەتاوانەكانیاندا نا ، كە سێ جار ھەستاون بە تێكدان و شكاندنی كێلی مەرقەد و پیاوچاكانی شێخانی كانی چنار لەگوندی كانی چنار و دارئەسحابە و پەیكەری عەبدولرەحمان پاشای بابان - شیان لە دەربەندی بازیان سوتاندووەو لەچەندین شوێن و جێگای جیاوازیش دروشمی تیرۆریستانی داعشیان نووسیووەو ئاڵای تیرۆریستانیان ھەڵكردوەو دووجاریش ئاڵای كوردستانیان لەدەربەندی بازیان كە بەرووكاری تەكییە شێواندوەو لەھەوڵی بەدەستخستنی چەكیشدا بوون تا چەند چالاكییەك ئەنجام بدەن .
كەسەرجەمیان شەوی ١٧ / ١٨ ئابی ٢٠٢٢ دەستگیركران
- تیرۆریست (زێوەر زاھیر)
- تیرۆریست (بێستوون حەكیم) ناسراو بە سەلاحەدین بن عەبدولعەزیز
- تیرۆریست (ئەیوب كەمال)
- تیرۆریست (بڕوا عەدنان) ناسراوە بە مەروان كوردی
- تیرۆریست (بەڵێن سەباح) ناسراوە عوبەیدە كوردی
ھەرپەیوەست بەھەمان گروپەوە لەئۆپراسیۆنێكدا لە تەكیە شەوی ٢٠ /٢١ ئابی ٢٠٢٢ تیرۆریست (محەمەد جومعە) دەستگیركرا .
تێبینی / دانپێدانانی ژمارەیەك تیرۆریست .
١ - محەمەد ئیبراھیم ناسراو بە ئەبو جولەیبیب
٢ -ئاكام بەھادین ناسراو بە ئاكام كوردی
٣ -بەڵێن سەباح ناسراو بە عوبەیدەی كوردی
٤- فریشتە حاتەم
٥ -بڕوا عەدنان ناسراو بە مەروان كوردی
لەبارەی شكستپێھێنانی مەرامی تیرۆریستان لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و شەوی ٢٢ / ٢٣ ئابی ٢٠٢٢ لە چەمچەماڵ و تەكیە ، ژمارەیەك تۆمەتباری دیكە كەپەیوەندیی راستەوخۆیان ھەبووە بەم گروپەوە بەھاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیراكران و لەبەر ھەستیاری دۆسێ كە ، ناو زانیارییەكانیان بە شاراوەیی ھێڵرایە تا تەواوبوون لێكۆڵینەوەكان زانیاری زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵك ئاشكرادەكەین.
بەناوی بەڕێوەبەرو سەرجەم ئەفسەران و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی جارێكی تر پرسەو سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی تێكۆشەری شەھید كاكە (ئەحمەد شەوكەت) دەكەین.